کارگێڕیی نەوتکێشێکی هەڵگری بەرهەمە نەوتییەکان، کە ڕۆژی هەینیی ڕابردوو لەلایەن هێزی دەریایی سوپای پاسدارانەوە لە ئاوەکانی کەنداوی فارسدا دەستبەسەر کرابوو، ڕۆژی دووشەممە، ٢٦ی گەڵاڕێزان (١٧ی تشرینی دووەم)، ڕایگەیاند کە کارمەندانی کەشتییەکە پەیوەندییان کردووە و “تەندروستییان بە تەواوی باشە.” هەروەها نەوتکێشەکە ئێستا لە بەندەر عەباس لەنگەری گرتووە.
پەیوەندیی گشتیی هێزی دەریایی سوپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامیی ڕۆژی هەینی، ٢٣ی گەڵاڕێزان، بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک پشتڕاستی کردەوە کە نەوتکێشێک بە ناوی بازرگانیی “تاڵارا”، کە بە ئاڵای دوورگەکانی مارشاڵەوە دەڕۆیشت، دەستبەسەر کراوە.
لە بەیاننامەکەدا بانگەشەی ئەوە کرابوو کە ئەم نەوتکێشە “هەڵگری ٣٠ هەزار تۆن بارگۆزەی پترۆکیمیایی بووە و بە مەبەستی سەنگافوورە” لە جووڵەدا بووە و بە فەرمانی دادوەری دەستبەسەر کراوە. هاوکات، ئاژانسی هەواڵیی فارس، کە نزیکە لە دامەزراوە ئەمنییەکانەوە، ڕاپۆرتی دابوو کە “پێشێلکارەکە” کەسێک یان کۆمپانیایەکی ئێرانییە کە ویستوویەتی “بە سوودوەرگرتن” ئەم بارگۆزەیە “بە شێوەیەکی نایاسایی” بگوازێتەوە بۆ سەنگافوورە.
بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، کارگێڕیی نەوتکێشە دەستبەسەرداگیراوەکە لە ئەستۆی کۆمپانیای “کۆڵۆمبیا شیپمەنیجمنت”ە کە لە ژێر خاوەندارێتیی کۆمپانیای “پاشا فاینەنس” لە قوبرس دایە.
کۆمپانیای “کۆڵۆمبیا شیپمەنیجمنت” بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک لە ڕۆژی دووشەممەدا ڕایگەیاند کە کاپتنی نەوتکێشەکە ئێوارەی ١٦ی تشرینی دووەم (٢٥ی گەڵاڕێزان) کاتژمێر ١٧:٣٠ بە کاتی گرینویچ، پەیوەندیی بە بەڕێوەبەری تەکنیکیی کەشتییەکەوە کردووە. ئەم کۆمپانیایە ڕایگەیاند کە ژمارەی کارمەندەکان ٢١ کەس بوون و “هەموو کارمەندەکان تەندروستییان بە تەواوی باشە و هیچ زیانێکیان پێنەگەیشتووە. کەشتییەکە ئێستا لە کەناراوەکانی بەندەر عەباس بە سەلامەتی لەنگەری گرتووە.”
کۆمپانیاکە ڕایگەیاندووە کە پەیوەندیی لەگەڵ ئەم کەشتییە لە ڕۆژی ١٤ی تشرینی دووەمەوە پچڕابوو، کاتێک لە ئاوەکانی نێودەوڵەتیدا لە ڕێگەی شارقەی ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبییەوە بەرەو سەنگافوورە، بە بارگۆزەی گازوائیلی پڕگوگردەوە دەڕۆیشت.
ئەمە یەکەمین دەستبەسەرداگرتنی نەوتکێشە لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە لە دوای شەڕی ١٢ ڕۆژە و هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا. ئەم هەنگاوەی تاران، نیگەرانییەکانی سەبارەت بە ئاسایشی کەشتییەکان زیاد کردووە کە بە بارگۆزەی وزەوە بۆ بازاڕەکانی جیهان بەم ڕێڕەوە ئاوییە گرنگەدا تێدەپەڕن.
فەرماندەییی ناوەندیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (سێنتکام) ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو بە بڵاوکردنەوەی بەیاننامەیەک، دەستبەسەرداگرتنی ئەم نەوتکێشەی بە نایاسایی و پێشێلکردنێکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان ناوبرد و ڕایگەیاند کە هێزەکانی سوپای پاسداران بە هێلیکۆپتەر چوونەتە سەر نەوتکێشەکە، لە ئاوەکانی نێودەوڵەتیی گەرووی هورمزدا دەستبەسەریان کردووە و گواستوویانەتەوە بۆ ئاوەکانی ئێران.
لە بەیاننامەکەی سێنتکامدا داوا لە حکوومەتی ئێران کرابوو کە بنەمای یاسایی دەستبەسەرداگرتنی نەوتکێشی “تاڵارا” بۆ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی ڕوون بکاتەوە.
کارگێڕیی کۆمپانیای “کۆڵۆمبیا شیپمەنیجمنت” ئێستا ڕایگەیاندووە کە ئەم کۆمپانیایە “بە هاوکاریی لەگەڵ هاوبەشە هەرێمییەکان بۆ چارەسەرکردنی خێرای ئەم دۆخە و دڵنیابوون لە ئازادیی کارمەندەکان هەوڵ دەدات.”
سوپای پاسداران لە ساڵانی ڕابردوودا بەردەوام کەشتییە بازرگانییەکانی لە ئاوەکانی کەنداوی فارسدا دەستبەسەر کردووە، زۆرجار بە تۆمەتی پێشێلکاریی دەریایی وەک “بانگەشەی قاچاخچێتی”، “پێشێلکاریی تەکنیکی” یان “ناکۆکیی یاسایی”. بەپێی داتاکانی گشتیی شوێنپێهەڵگرتنی کەشتییەکان لە پلاتفۆرمی “مارین ترافیک”، نەوتکێشی “تاڵارا” دوایین جار لە ١٤ی تشرینی دووەم شوێنی خۆی ڕاگەیاندبوو.
هەواڵی داهاتوو

