ڕۆژی دووشەممە، ٢٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥، نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و تاوان (UNODC) لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند، لە دوای ڕووخانی حکوومەتی بەشار ئەسەد لە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤، بەشی هەرە زۆری بەرهەمهێنانی پیشەسازیی ماددەی هۆشبەری کاپتاگۆن لە سووریا تێکدراوە.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، لە مانگی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ەوە، دەسەڵاتدارانی سووریا ١٥ تاقی
گەی گەورەی پیشەسازی و ١٣ کۆگا و سەنتەری بچووکتر کە پەیوەندییان بە بەرهەمهێنان و دابەشکردنی کاپتاگۆنەوە هەبووە، داخستووە. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە کاپتاگۆن بۆ ماوەی زیاتر لە دەیەیەک سەرچاوەیەکی گرنگی داهاتی حکوومەتی پێشووی سووریا بوو، کە بە ملیاران دۆلاری ساڵانە بەدەست دەهێنا.
هەرچەندە ژێرخانی بەرهەمهێنانی کاپتاگۆن زیانی گەورەی پێ گەیشتووە، بەڵام دۆزینەوە گەورەکانی ئەم ماددەیە لە وڵاتانی دەڤەرەکە نیشان دەدەن کۆگایەکی بەرچاو لەم حەبانە، کە سەرچاوەکەیان سووریا بووە، هێشتا لە بازاڕدا هەن. نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و تاوان پێشبینی دەکات بەرهەمهێنانی کاپتاگۆن بە قەبارەی بچووکتر لەنێو سووریا و وڵاتانی دراوسێ بەردەوام بێت.
ئەو ڕاپۆرتە هۆشداری دەدات لەوە، بەربەست خستنە سەر پیشەسازیی کاپتاگۆن لەوانەیە ببێتە هۆی ئەوەی بەکارهێنەرانی ماددە هۆشبەرەکان لە دەڤەرەکەدا ڕوو بکەنە میتامفیتامین. نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و تاوان ئاماژەی بەوە کرد، بازاڕی میتامفیتامین لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست لە چەند ساڵی ڕابردوودا بە خێرایی گەشەی کردووە.
کاپتاگۆن لە بنەڕەتدا ناوی بازرگانیی دەرمانێکی کۆن بوو، کە ماددەی هاندەری فێنێتیلینی تێدا بوو. بەڵام ئەو حەبانەی ئێستا بەم ناوە لە بازاڕدا دەسوڕێنەوە، زۆربەی کات ماددەی ئەمفیتامینیان تێدایە و هەندێک جار لەگەڵ ماددەی دیکە وەک تیۆفیلین تێکەڵ دەکرێن.

