دەستەی حەشدی شەعبی ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە کە باس لە داخستنی رێگەی فڕۆکەخانەی بەغدا دەکەن لە ساڵیادی کوژرانی قاسم سولەیمانی و مەهدی موهەندیس.
حەشدی شەعبی لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە: “تێبینی ئەوە کراوە کە هەندێک کەسی گوماناوی چەند وێنەیەکی ساخته و دروستکراویان بڵاوکردۆتەوه کە وا نیشان دەدەن رێگەی فڕۆکەخانە داخراوە، ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ یادکردنەوەی شەشەمین ساڵیادی شەهیدبوونی سەرکردەکانی سەرکەوتن.”
ئاماژەی بەوەش کردووە کە “ئەم گرتە ڤیدیۆییانە بەمەبەست بۆ هەندێک دەزگای راگەیاندن نێردراون، بەئامانجی تێکدانی ئەو کۆبوونەوە جەماوەرییە گەورەیەی بۆ یادکردنەوەی شەوی فڕۆکەخانە ڕێکخرابوو.”
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا هاتووە: “رێگەی فڕۆکەخانە بەهیچ شێوەیەک دانەخراوە، سەرەڕای بوونی قەرەباڵغی، بەڵام هاتوچۆ بەشێوەیەکی ئاسایی و رێکخراو بەڕێوەچووە.”
حەشدی شەعبی داوای لە دەزگاکانی راگەیاندن کردووە کە “وردبین و پیشەیی بن لە گواستنەوەی هەواڵەکاندا و جەختیشیکردەوە کە لایەنە پەیوەندیدارەکان بەشێوەیەکی یاسایی راوەدووی تێوەگلاوان دەنێن.”

