دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، ئەمڕۆ رایگەیاند کە دەبوو ئیدارەی ئەمریکا دەستی بەسەر نەوتی عێراقدا بگرتایە. ئاماژەی بەوەش کرد کە جیاوازیی مامەڵەی ئێستا لەگەڵ ڤەنزوێلا ئەوەیە کە وڵاتەکەی ئەمجارە دەست بەسەر نەوتی ڤەنزوێلادا دەگرێت.
ئەم قسانەی ترەمپ لە کاتی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا هات لەگەڵ تۆڕی MSNBC، کە تێیدا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە دەستگیرکردنی سەرۆکی ڤەنزوێلا، نیکۆلاس مادۆرۆ، لەلایەن هێزەکانی ئەمریکاوە لە پرۆسەیەکدا کە بەرەبەیانی شەممەی رابردوو لە کاراکاسی پایتەخت ئەنجامدرا.
ترەمپ جەختی کردەوە کە وڵاتەکەی دامەزراوە نەوتییە وێرانبووەکانی ڤەنزوێلا سەرلەنوێ بنیاد دەنێتەوە، بەڵام ئەمجارە دەست بەسەر نەوتەکەیدا دەگرێت. ترەمپ ئەوەی وەبیرهێنایەوە کە لە ساڵی ٢٠١٦دا وتبووی: “دەبوو ئەمریکا دەستی بەسەر نەوتی عێراقدا بگرتایە، ئەو کاتە ئەوە مشتومڕێکی زۆری نایەوە.. بەڵام دەبوو دەستمان بەسەر نەوتی عێراقدا بگرتایە.”
جگە لەوەش، ترەمپ پێی وابوو کە “جیاوازی نێوان ئەوەی ئیدارەی ئەمریکا لە عێراق ئەنجامی دا و ئەوەی ئەو لە ڤەنزوێلا دەیکات، لەوەدایە کە وڵاتەکەی ئەمجارە دەست بەسەر نەوتی ڤەنزوێلادا دەگرێت.”

