ئیخڵاس دلێمی، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان دووپاتی کردەوە کە دانوستانەکان سەبارەت بە پۆستی سەرۆک کۆمار بەردەوامن، ئاماژەی بەوەش کرد کە لایەنە کوردییەکان دوو بژاردەیان لەبەردەمدایە بۆ یەکلاییکردنەوەی بابەتەکە.
دلێمی بە ئاژانسی هەواڵی عێراقیی راگەیاند: “دانوستانەکان لە نێوان پارتی و یەکێتی بەردەوامن، دانیشتنێکیش هەبووە بۆ دانوستان لەسەر حکومەتی هەرێم و پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار.” ئاماژەی بەوەش کرد کە “پارتی کاندیدی خۆی بۆ سەرۆکایەتی کۆمار پێشکەش کردووە و سوورە لەسەر کاندیدکردنی، لایەنە کوردستانییەکانیش لەبەردەم دوو بژاردەدان:
یەکەم: دەبێت زۆرینەیەکی کوردی هەبێت بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، هەروەک چۆن زۆرینەیەکی سوننە هەبوو بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکی پەرلەمان، وەک چۆن زۆرینەیەکی شیعە دەبێت بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران؛ بۆیە سروشتییە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بە زۆرینەی کوردی بێت.
دووەم: ئەو لایەنەی پۆستی سەرۆکایەتی کۆمار دەبات، دەبێت لە شایستەکانی تری خۆی خۆش بێت؛ یان بەشداری لە حکومەت بکات یان سەرۆکایەتی کۆمار وەربگرێت.”
ناوبراو روونیشی کردەوە: “مەحاڵە لایەنێک ١٧ کورسی هەبێت و پۆستی سەرۆک کۆمار و دوو وەزارەت و لیژنەکان و پێنج بریکاری وەزیر و دەستەیەکی سەربەخۆ ببات، ئەمە عەقڵانی نییە.”
لە کۆتاییدا گوتی: “دانوستانەکان هێشتا بەردەوامن، ئێمە لە پارتی وەک باوکێک بۆ هەموو لایەنەکان دەڕوانین و لە دانوستان بەردەوام دەبین.” ئاماژەی بەوەش کرد کە “کاندیدی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ سەرۆکایەتی کۆمار فوئاد حوسێنە، ئێمە لە چوارچێوەی هەماهەنگی داوا دەکەین ئەو میکانیزمەی کە دەنگی پێ دەدەن بۆ سەرۆک کۆمار هەمان ئەو میکانیزمە بێت کە دەنگی پێ دەدەن بۆ سەرۆکی پەرلەمان و سەرۆک وەزیران، ئەویش بە پشت بەستن بە زۆرینەی سوننە، شیعە و زۆرینەی کوردی.”

