فێستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی بەرلین (بەرلینالە) بۆ ساڵی 2026، فیلمی “No Good Men” وەک فیلمی دەستپێکی خولی حەفتا و شەشەم هەڵبژارد. ئەم فیلمە سێیەم کاری درێژی دەرهێنەری ئەفغانی، شەهربانو ساداتە، کە بڕیارە لە 12ی شوباتی 2026 لە کۆشکی بەرلینالە نمایش بکرێت.
تریشیا تاتڵ، سەرۆکی میهرەجانەکە، سادات بە یەکێک لە دەنگە هەرە سەرنجڕاکێشەکانی سینەمای جیهانی ناوزەد کرد کە توانیویەتی وێنەیەکی ڕاستەقینەی ژیانی ژنانی ئەفغانستان نیشان بدات.
فیلمەکە باس لە چیرۆکی “نارۆ” دەکات، کە تاکە وێنەگری ژنە لە تەلەفزیۆنی کابول و بڕوای وایە هیچ پیاوێکی باش لە ئەفغانستان نییە. بەڵام گەشتێکی کاری لەگەڵ پەیامنێرێک بەر لە گەڕانەوەی تاڵیبان، بۆچوونی دەگۆڕێت.
سادات کە خۆی ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت، دەڵێت ئەم فیلمە لە ئەزموونی ڕاستەقینەی خۆیەوە سەرچاوەی گرتووە و ئامانجی ئەوەیە هیوایەک بە ژنانی گەنج ببەخشێت.
فیلمەکە بەرهەمێکی هاوبەشی وڵاتانی ئەڵمانیا، فەرەنسا، نەرویج، دانیمارک و ئەفغانستانە. سادات پێشتریش بە فیلمەکانی “گورگ و مەڕ” و “خانەی هەتیوان” لە میهرەجانی کان سەرکەوتنی گەورەی بەدەستهێنابوو، و ئێستا بەم فیلمە نوێیە مێژوویەکی نوێ بۆ سینەمای ئەفغانی دەنووسێتەوە.

