zagros news agency

هەناردەی نەوتی سعوودیە لە دەریای سوور ون ده‌بێت، كه‌شتییه‌كان بۆ خۆپاراستن لە حوسییەکان ئامێرەکانیان دەکوژێننەوە

 

هەناردەکردنی نەوتی خاوی سعوودیە لە ڕێگەی دەریای سوورەوە بە شێوەیەکی بەرچاو لە چاوەکان ون دەبن، ئەمەش دوای ئەوەی تانکەرەکان ئامێرەکانی شوێنپێهەڵگرتن (AIS) دەکوژێننەوە بۆ ئەوەی نەبنە ئامانجی هێرشەکانی گرووپی حوسییەکانی یەمەن. شیکەرەوەکان دەڵێن لە ئێستادا سەرجەم بارکردنەکانی نەوت لە بەندەری “یەنبۆ” بە شێوەی “تاریک” و بەبێ سیگناڵ ئەنجام دەدرێن.

سەرەتایەکی نوێ بۆ گرژییەکان
حوسییەکان لە ٢٠ی تەمموزی ڕابردووەوە گەمارۆی دەریایییان بەسەر سعوودیەدا سەپاندووە، ئەمەش وەک بەرەیەکی نوێ لە چوارچێوەی جەنگی ئێران و ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی. لەو کاتەوە، حوسییەکان بەرپرسیارێتی چەندین هێرشیان بۆ سەر تانکەرە نەوتهەڵگرەکانی سەر بە سعوودیە و دامەزراوەکانی یەنبۆ و پاڵاوگەی “جازان” ڕاگەیاندووە.

کاریگەری لەسەر بازاڕی جیهانی
بەکارهێنانی “گەشتە تاریکەکان” (Dark Voyages) بووەتە هۆی تەمومژاویبوونی ئامارەکانی هەناردەی نەوتی سعوودیە. ئەمەش کارێکی قورسی بۆ ئاژانسی نێودەوڵەتی وزە (IEA) و ڕێکخراوی ئۆپێک و بازرگانان دروست کردووە کە پشت بەو داتایانە دەبەستن بۆ پێشبینیکردنی نرخی نەوت و بڕی خستنەڕوو لە بازاڕەکاندا.

بەهۆی کوژاندنەوەی ئامێرەکان، جیاوازییەکی گەورە لە نێوان خەمڵاندنی کۆمپانیاکانی چاودێریدا دروست بووە؛ بۆ نموونە، کۆمپانیای “ڤۆرتێکسا” بارکردنی نەوتی یەنبۆ بە ٢.٣٨ ملیۆن بەرمیل لە ڕۆژێکدا دەخەمڵێنێت، لە کاتێکدا کۆمپانیای “کێپلەر” دەڵێت ئاستەکە دابەزیوە بۆ ١.٧٨ ملیۆن بەرمیل.

گۆڕینی ڕێڕەوی گواستنەوە بۆ میسر
بەهۆی مەترسییەکانی گەرووی باب المندب، سعوودیە ڕێڕەوی هەناردەکردنی گۆڕیوە بۆ باکووری دەریای سوور. داتاکان نیشانی دەدەن کە بارکردنی نەوت لە بەندەری “سیدی کەریر”ی میسر (کە لە ڕێگەی بۆریی سومێدەوە نەوتی سعوودیەی پێ دەگات) گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی کە ٢.١٧ ملیۆن بەرمیلە لە ڕۆژێکدا.

بەرزبوونەوەی تێچووی دڵنیایی
کۆمپانیاکانی گواستنەوەی دەریایی ئاماژە بەوە دەکەن کە تێچووی دڵنیایی (تەئمین)ی مەترسییەکانی جەنگ بە شێوەیەکی خێرا بەرزبووەتەوە. “سڤاین مۆکسنیس”، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای DHT بۆ تانکەرە زەبەلاحەکان ڕایگەیاند: “تێپەڕبوون بە باب المندب ئێستا بووەتە تەحەددییەکی گەورە، زۆربەی تانکەرەکان ئێستا ئاڕاستەی گەشتەکانیان بەرەو باکوور و باکووری ڕۆژئاوا گۆڕیوە.”

تا ئێستا کۆمپانیای ئارامکۆی سعوودی هیچ لێدوانێکی فەرمی لەسەر ئەم دۆخە نەداوە.

 

سەرچاوە: ڕۆیتەرز

 

هەواڵی پەیوەندیدار

میدیاكانى ئیسرائیل: له‌ هێرشێكدا باوكى حه‌سه‌ن نه‌سروڵا كوژرا

یاسین

لە بەسڕە رووداوەكانی خۆكوشتنی ژنان زیادی كردووە

سەڵاح

لەیلا زانا سەرەخۆشی لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات

دڵشاد