چاڤی هێرناندێز راهێنەری پێشووی یانەی بەرشەلۆنە چووەتە ناو بازنەی بایەخی یانە گەورەکانی خولی ئینگلتەرا، دوای ئەوەی پەیوەندی راستەوخۆی لەلایەن دوو جەمسەری بەهێزی پریمەرلیگـەوە پێگەیشتووە بۆ وەرگرتنی ئەرکی راهێنەرایەتی یەکێکیان.
چاڤی کە لە نێوان ساڵانی 2021 بۆ 2024 سەرکردایەتی بەرشەلۆنەی کردووە و لە 143 یاریی دا 91 سەرکەوتنی بەدەستهێناوە، ئێستا بە هێمنی تاوتوێی ئەو پێشنیارانە دەکات.
یانەی مانچستەر یونایتد دوای دوورخستنەوەی رۆبن ئەمۆریم، چاڤی وەک بژاردەیەکی گونجاو دەبینێت بۆ گۆڕانکاری بنەڕەتی و دروستکردنی پڕۆژەیەکی خاوەن ناسنامەی تەکتیکی روون، هەرچەندە ئێستا بە شێوەیەکی کاتی مایکڵ کاریک سەرپەرشتی تیپەکە دەکات.
لە لایەکی ترەوە، یانەی تۆتنهام هۆتسپێر بەهۆی ناجێگیری ئەنجامەکانی تۆماس فرانکەوە، چاڤی وەک جێگرەوەیەکی بەهێز دەبینێت، چونکە کارگێڕی یانە لەندەنییەکە سەرسامن بە توانای ئەو راهێنەرە لە پێشخستنی یاریزانە لاوەکان و دروستکردنی ناسنامەیەکی مۆدێرن بۆ تیپەکە.

