مارک ساوایا، نێردراوەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ عێراق، لە میانەی هۆشداریدانێکی نوێدا بە بەرپرسانی عێراقی، جەختی کردەوە گەندەڵیی ڕەگی سەرەکیی قەیرانە لەم وڵاتەدا و گرووپە چەکدارەکان یەکێک لە دەرەنجامەکانی ئەو دۆخەن.
ساوایا کە پێشتر لەلایەن دۆنالد ترەمپەوە ستایش کرابوو، ئەمڕۆ چوارشەممە لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی “ئێکس” نووسیی: “ئەگەر بڕیار بێت عێراق چاکسازیی تێدا بکرێت، دەبێت پێش هەر شتێک و بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە بەرەنگاری گەندەڵیی ببنەوە. چەکدارەکان تەنیا دەرەنجامی ئەو دۆخەن، بەڵام گەندەڵیی خودی نەخۆشییەکەیە.”
ناوبراو جەختی کردەوە بە وردیی ئاگاداری میکانیزمەکانی گواستنەوەی “پارە نایاسایییەکان”ە و گوتی ئەو بڕە پارانە تەنیا لە ڕێگەی بەرپرسانی باڵاوە ناگوێزرێنەوە، بەڵکوو لە ڕێگەی تۆڕێکی بەربڵاوەوە دەگوێزرێنەوە کە خزم، دۆست، نێوەندگیر، شۆفێر و پاسەوانەکان دەگرێتەوە.
ساوایا لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کرد ئەو “تۆڕە ڕێکخراو و بەئەنقەست ئاڵۆزە”، زیاتر لە بیست ساڵە کار دەکات و توانیویەتی یاسا و میکانیزمە چاودێرییە نێودەوڵەتییەکان تێپەڕێنێت. ئەو ئەم تۆڕەی بە هۆکارێک بۆ دابینکردنی دارایی و پاراستنی گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە قەڵەم دا.
ساوایا دووپاتی کردەوە سەقامگیریی عێراق، گەڕاندنەوەی سەروەری و لەناوبردنی گرووپە چەکدارەکان، پێویستی بە هەڵوەشاندنەوەی تۆڕەکانی گەندەڵیی و بڕینی سەرچاوە دارایییە نایاسایییەکانە، لەوانەش مووچەی بندیوار، قەرزی وەهمی و سەرمایەی وەهمی.
ناوبراو پێشتریش داوای قۆرخکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت و پاراستنی شکۆی دامەزراوە فەرمییەکانی کردبوو.
سەرۆکی ئێستای ئەمریکا، لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٥ ساوایای وەک نێردراوەی تایبەتیی خۆی لە عێراق دەستنیشان کرد. ئەو بازرگانێکی ئەمریکایی-عێراقییە و دامەزرێنەری کۆمپانیایەکە لە بواری چاندنی شادانە (کانابیس) لە ناوخۆی ویلایەتە یەکگرتووەکاندا. چاندن و بازرگانیکردن بە شادانە لە عێراقدا نایاسایییە.

