ڕۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی ئەمڕۆ لە ڕاپۆرتێکی نوێیدا تیشکی خستە سەر ڕووداوەکانی یاری نێوان سێڤییا و دیپۆرتیڤۆ ئەلاڤێس،کە ڕاهێنەری سێڤییا ماتیاس ئەلمێیدا بەکارتی سوور کرایە دەرەوە و ئاژاوەیەکی گەورە لە یاریگا دروست بوو.
بەپێی ڕاپۆرتی ناوبژیوانی یاریەکە بێت دوای ئەوەی ماتیاسی بە کارتی سوور کردۆتە دەرەوە ڕاهێنەرەکە ئامادە نەبووە کورسی ستاف چۆڵ بکات و چەند جارێکیش ئاگادار کراوەتەوە بەڵام ڕازی نەبووە،تائەوەی یارییەکە ڕاگیراوە،کە دوای وەستانی یاریەکە ماتیاس بەتوندی هێرشی کردۆتە سەر ناوبژیوان و ناڕازی بووە لەو بڕیارەی.
بەپێی یاساکانی تۆپی پێی ئیسپانیا بێت لەکاتی هەبوونی کارتی سووری ڕاستەوخۆ دوو تا سێ یاری سڕ کردن هەیە،بەڵام لەم حاڵەتانەدا پەنا دەبردرێتە بەر یاسای توندتر و ڕەنگە ماتیاس 11 یاری سڕ بکرێت جگە لە پێبژاردنێکی زۆری دارایی.
“سەرکار ڕێبوار”

