محەمەد شیاع سوودانی ئەمڕۆ ڕێنمایی دا بە سەرجەم لایەنە حکومییەکان بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەن سەبارەت بە زیادکردنی داهاتەکان و ڕێکخستنەوەی خەرجییەکان، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو چاکسازییە ئابوورییانەی حکومەت گرتوویەتیە بەر.
ئەم ڕێنماییانە لە میانی سەرۆکایەتیکردنی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزاری بۆ کاروباری ئابووری هات، کە تێیدا وەزیرانی بازرگانی، پیشەسازی، تەندروستی و گەیاندن (بە وەکالەت) و ئەمینداری گشتیی ئەنجومەنی وەزیران و چەند ڕاوێژکارێک ئامادەی بوون.
گرنگترین خاڵەکانی کۆبوونەوەکە:
• کەرتی گەیاندن: گفتوگۆ کرا لەسەر پێشنیازەکانی زیادکردنی داهاتی ئەم کەرتە بە ئامادەبوونی وەزیری گەیاندن و سەرۆکی دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندن.
• پڕۆژە پیشەسازییەکان (گازی شل): سوودانی جەختی کردەوە لەسەر بەردەوامی پشتگیریکردنی ئەو گازەی لە کارگەکانی بەردی سوور (تەپڵەک) بەکاردێت بۆ پەرەپێدانی تەکنیکی و پاراستنی ژینگە. هەروەها فەرمانی دا بە بەردەوامبوونی پێدانی قەرزی بانکی بە مەرجی ئاسان بەو کارگانەی دەیانەوێت سووتەمەنییەکەیان لە نەوتی ڕەشەوە بگۆڕن بۆ گاز.
• کەرتی وزە و کارەبا: ڕێنمایی درا بە بەردەوامبوون لە گۆڕینی سیستەمی کۆکردنەوەی کرێی کارەبا (جباية) بۆ سیستەمی ئەلیکترۆنی، بەتایبەت بۆ ئەو شوێنانەی باری کارەبایان زۆرە، و پاشان جێبەجێکردنی بەسەر بوارەکانی تریشدا بە شێوەیەکی پلەبەندی.
• تۆمارکردنی ئۆتۆمبێل: گفتوگۆ لەسەر پرۆسەی تۆمارکردنی ئەو ئۆتۆمبێلانە کرا کە هاوردەی وڵات دەکرێن، بە مەبەستی دۆزینەوەی باشترین ڕێگە بۆ زیادکردنی داهاتی دەوڵەت و باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان.

