ڕۆژی یەکشەممە 21ی نیسانی 2024 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز حازم تەحسین بەگ میری ئێزدی و ئەنجوومەنی رۆحانیی ئێزدی کرد.
لە دیدارەکەدا شاندی میوان سوپاسی سەرۆک بارزانی یان کرد کە هەردەم پشتیوانی ئێزیدیان بووە و پەرۆشی ئاسوودەیی و یەکڕیزی و تەبایی نێوان ئێزیدیەکان بووە.
هەروەها شاندی میوان داوایان لە سەرۆک بارزانی کرد کە لە پاڵپشتیکردنی داواکانیان بەردەوام بێت و ڕێگری بکات لە هەموو ئەو هەوڵانەی کە بە نیازن پەرتەوازەیی بخەنە ناو ئێزیدیەکان.
لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە ئێزیدی بەشێکی ئازیزی گەلی کوردستانن و داواشی کرد کە ئێزیدییەکان دەست بگرن بە داب و نەریتی خۆیان و ڕێگە نەدرێت دەنگی نامۆ و لابەلا کاریگەری لەسەر کۆمەڵگەی ئێزیدیان بکەن و زێدی باب و باپیرانیان بەجێ بهێڵن.
سەرۆک بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە هەوڵی هەندێک لایەن بۆ دیاریکردنی میری ئێزیدی لە بەغدا و دەستوەردان لە کاروباری ئێزیدیان، جەختی لەوە کردەوە کە بە هەموو توانای خۆی پاڵپشتی و خوشک و برایانی ئێزیدی دەکات و ڕێگە نادات بابەتی نامۆ بەسەر ئێزیدیەکاندا بسەپێندرێت.