سۆپرانیۆی کورد پەروین چاکار، کۆنسێرتێکی ئۆپێرایی ناوازەی لە شاری کۆپنهاگنی پایتەختی دانیمارک سازکرد. ئەم چالاکییە هونەرییە کە بە هاوکاری ژەنیاری پیانۆی فیلیپ میشالاک بەڕێوەچوو، بووە جێی سەرنجی جەماوەرێکی زۆر.
دوای کۆتایی هاتنی کۆنسێرتەکە، پەروین چاکار لە پەیامێکی پڕ لە سۆزدا کە لە هەژمارەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاویکردووەتەوە، سوپاسی گەرمی جەماوەری کۆپنهاگنی کرد و وەسفی ئەو ئێوارەیەی بە “لەبیرنەکراو” کرد.
ئاماژەی بەوە دا کە وزە، میهرەبانی و پێشوازی گەرمی ئامادەبووان کاریگەرییەکی قووڵی لەسەر دروست کردووە و ڕایگەیاند: “شانازییەکی گەورە و چێژێکی ڕاستەقینە بوو کە ئەو ساتە تایبەتانەم لەگەڵ ئێوەدا بەسەر برد.”
هەروەها چاکار ستایشی هاوکارییە هونەرییەکەی لەگەڵ فیلیپ میشالاک کرد و ڕایگەیاند، پێکەوە توانیویانە ساتگەلێکی پڕ لە ئیلهام و جادوویی لەسەر تەختەی شانۆ پێشکەش بکەن.
ئەم هونەرمەندە کوردە جەختی لەوە کردەوە، میوزیک زمانێکی جیهانییە و دەتوانێت دڵەکان بەبێ هیچ سنوورێک بەیەکەوە گرێ بدات، هەر وەک چۆن ئەو پەیوەندییە قووڵەی لەم کۆنسێرتەدا لەگەڵ جەماوەر هەست پێکردووە. ئەم کۆنسێرتە وەک وێستگەیەکی دیکەی سەرکەوتووی چاکار لە ئەوروپا تۆمار کرا.

