فۆئاد حوسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق، زنجیرەیەک پەیوەندی تەلەفۆنی و گفتوگۆی لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی میسر (بدر عەبدولعاتی)، تورکیا (هاکان فیدان) و عومان (بەدر ئەلبوسەعیدی) ئەنجامدا، کە تێیدا پەرەسەندنە ئەمنییە خێراکانی ناوچەکەی تاوتوێ کرد.
گرنگترین تەوەرەکانی ئەم سێ پەیوەندییە:
• دۆخی ئەمنی و هێرشەکانی ئەمدواییە: وەزیری دەرەوە هاوتا تورکییەکەی لە وردەکاریی ئەو هێرشە ئاگادار کردەوە کە کرایە سەر بارەگای دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی لە بەغداد، و جەختی لە ڕێکارە توندەکانی حکومەت کردەوە بۆ پاراستنی دامەزراوە فەرمییەکان. هەروەها لەگەڵ وەزیری میسری باسی لە پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان کرد.
• یەکخستنی هەڵوێستی عەرەبی و ئیقلیمی: لەگەڵ وەزیرانی میسر و عومان، باس لە ئامادەکارییەکان کرا بۆ کۆبوونەوەی داهاتووی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی، بە مەبەستی یەکخستنی هەڵوێستەکان بەرامبەر ئەو تەحەددییانەی کە ڕووبەڕووی ناوچەکە دەبنەوە.
• هەوڵەکان بۆ ئاگربەست: عێراق لەگەڵ هەر سێ وڵاتەکەدا ڕێککەوت لەسەر پێویستیی چڕکردنەوەی فشارە دیپلۆماسییەکان بۆ گەیشتن بە ئاگربەست و دۆزینەوەی ڕێگەی کرداری بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکان، بە مەبەستی پاراستنی سەقامگیری و ڕێگریکردن لە تێکچوونی زیاتری ئابووریی وڵاتانی ناوچەکە.

