ڕیچارد مارلز، جێگری سەرۆکوەزیرانی ئوسترالیا لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ تۆڕی ئەی بی سیی ئەو وڵاتە، داخرانەوەی گەرووی هورمزی لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بە پێشهاتێکی “نائومێدکەر” وەسف کرد. ناوبراو لەم دیمانەیەدا ڕوونی کردەوە: “ئێستا دەبێت هەموو ڕێگە دیپلۆماسییەکان بگیرێنە بەر بۆ ئەوەی ئاگربەستێکی هەمیشەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جێگیر بکرێت.”
مارلز هاوکات پۆستی وەزیری بەرگریی ئوسترالیای لە ئەستۆدایە، خۆی لە پاڵپشتیی ڕاشکاوانەی گەمارۆی دەریاییی بەندەرەکانی ئێران لەلایەن ئێرانەوە پاراست، بەڵام لە هەمان کاتدا گوتی لە کاردانەوەکەی ئەمریکا تێدەگات. ئەو لەم بارەیەوە گوتی: “بڕیارەکەی ئێران بۆ داخستنی ئەم ڕێڕەوە دەریاییە هۆکاری سەرەکیی کاردانەوەکەی ئەمریکا بووە و ئەو نیازی نییە سەبارەت بە بڕیارەکانی واشینگتن دادوەریی لاوەکی بکات.”
ترەمپ بەم دواییانە ڕەخنەی لە ئوسترالیا گرتبوو بەهۆی ئامادەنەبوونیان لە کاتی داواکردنی یارمەتی سەبارەت بە گەرووی هورمز و گوتبووی “لەم بابەتە ڕازی نییە”.
سەرەڕای ئەمە، بەرپرسانی ئوسترالیا چەندین جار ڕایانگەیاندووە هیچ داواکارییەکی فەرمییان لەلایەن ئەمریکاوە بۆ یارمەتیدان لەم ناوچەیەدا پێنەگەیشتووە. مارلز هەروەها لە گفتوگۆکەیدا لەگەڵ ئەی بی سی ڕوونی کردەوە: “تەنها دەتوانم ڕەوشەکە لە ڕوانگەی ئوسترالیاوە ڕوون بکەمەوە: ئێمە هیچ داواکارییەکی دیاریکراومان پێنەگەیشتووە.”
لە لایەکی دیکەوە جاناتان دانیام، گوتەبێژی سیاسەتی ناوخۆییی ئۆپۆزیسیۆنی ئوسترالیا داوای لە حکوومەتی ئەو وڵاتە کرد، شەفافییەتی زیاتر سەبارەت بە هەر جۆرە داواکارییەکی یارمەتی، چ فەرمی بێت یان نافەرمی، بخاتە ڕوو. ناوبراو لە دیمانەیەکدا لەگەڵ تۆڕی هەواڵی سکای نیوز هۆشداریی دا پێشهاتەکانی گەرووی هورمز و ناوچەکانی دەوروبەری کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر شێواز و تێچووی ژیانی خەڵکی ئوسترالیا هەیە.
هەواڵی پێشوو

