بەرپرسێكی وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان ئاشكرای دەكات، بەشی چوارەمی پارەی گەنمی جووتیارانی كوردستان كە نزیكەی نۆ ملیار دینارە خەرجكرا.
سەروەر هاواری، بریکاری وەزارەتی بازرگانیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: “ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاریدا 60 ملیار دینار بۆ شایستە داراییەکانی جووتیارانی عێراق خەرج بکات و لەم بڕەشدا هەشت ملیار و 945 ملیۆن دیناری بۆ جووتیارانی هەرێمی کوردستانە.”
ئاشكراشی كرد، پارەكە دوو ملیار و 842 ملیۆن دیناری بۆ هەولێرە و سێ ملیار و 498 ملیۆن دیناریش بۆ سلێمانیە و بۆ دهۆکیش دوو ملیار و 605 ملیۆن دینارە.
كۆی گشتیی شایستە داراییەكانی جووتیارانی هەرێمی كوردستان بۆ گەنمی ساڵی 2025 بریتییە لە 301 ملیار و 507 ملیۆن دینار.
لەو بڕە تاوەكوو ئێستا وەزارەتی بازرگانیی عێراق تەنیا 96 ملیار و 750 ملیۆن دیناری بە سێ قۆناغ ناردووە.
بڕی 204 ملیار و 757 ملیۆن دیناری دیكە ماوە بینێرێت كە دەكاتە نزیكەی 68%ـی كۆی گشتیی شایستە داراییەكانی جووتیاران.

