ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە ناڕاستەوخۆ ڕایگەیاندووە لە کاتی ڕێککەوتنی نێوان تەلئەبیب و بەیرووتدا ناتوانێت بە تەواوی گەرەنتی ڕاگرتنی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی لوبنان بکات. ڕۆژنامەی “ئەلئەخبار”ی لوبنانی نزیک لە حزبوڵا بە پشتبەستن بە لێدوانی سەرچاوە میسرییەکان ئەم هەواڵەی بڵاو کردەوە.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی “ئەلئەخبار”، هۆکاری ئەم لێدوانانە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە ئیسرائیل مافی پاراستنی خۆی بەرانبەر هەر هەڕەشەیەک لە خاکی لوبناندا پاراستووە. ئەم پرسە ڕووبەڕووبوونەوەی چالاکییە سەربازییەکان، مەشق و ڕاهێنان، گواستنەوەی چەک و کوشتنی سەرکردەکانی حزبوڵاش دەگرێتەوە.
ئیسرائیل ئەم کارانە وەک ئامانجی ڕەوای خۆی دەبینێت، لانی کەم تا ئەو کاتەی حکوومەتی لوبنان خۆی هەنگاوی پێویست بۆ چارەسەری بابەتەکە نەنێت. لە ڕاپۆرتی ئەو میدیا لوبنانییەدا هاتووە لە ڕۆژانی ڕابردوودا پەیوەندی لە نێوان قاهیرە و بەیرووتدا هەبووە و تێیدا پرۆسەی دانوستانەکانی ئیسرائیل و لوبنان تاوتوێ کراون.
بە گوێرەی ڕاپۆرتەکە، بەرپرسانی میسری لەو پەیوەندییانەدا ڕاسپاردە و هۆشدارییان سەبارەت بە خولی داهاتووی گفتوگۆکان بە بەرپرسانی لوبنانی گەیاندووە.

