رۆژی شەممە 2026/5/2، لە شاری هەولێر و بە ئامادەبوونی پارێزگاری هەولێر، یادی 38 ساڵەی کارەساتی کیمیاباران و ئەنفالکردنی گوندی “گۆپتەپە” لە مەراسیمێکی تایبەتدا بەرز ڕاگیرا.
مەراسیمەکە لەلایەن “ئینیستیتوتی نێودەوڵەتی مافەکانی مرۆڤ” ڕێکخرابوو، تێیدا تیشک خرایە سەر قەبارەی ئەو ستەم و کارەساتە مرۆییەی کە لە ساڵی 1988دا لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە دەرهەق بە خەڵکی سڤیلی ئەو ناوچەیە ئەنجامدرا.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە گوتەیەکدا وێڕای دەستخۆشی لە ڕێکخەرانی مەراسیمەکە بۆ زیندوو ڕاگرتنی ئەم یادە، جەختی لە گرنگیی بەدۆکیۆمێنتکردنی تاوانەکان و ناساندنیان بە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردەوە.
پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند: “ئەم یادانە بەشێکی دانەبڕاون لە ناسنامەی نەتەوەییمان، ئەرکی ئێمەیە نەوەکانی داهاتوو لەو قوربانییە گەورانە بێئاگا نەکەین کە گەلەکەمان لە پێناو ئازادیدا بەخشیویەتی.”
تاوانی کیمیاباران و ئەنفالی گۆپتەپە، یەکێکە لە زنجیرە تاوانە پڕ لە ئازارەکانی ڕژێمی پێشووی عێراق، کە تێیدا سەدان هاووڵاتی سڤیلی ئەو ناوچەیە بوونە قوربانی و شوێنەوارە خەمناکەکانی تا ئێستاش لەسەر جەستەی مێژووی کوردستان ماونەتەوە.

