واشنتن سهرقاڵی داڕشتنی پلانێکی سەربازیی فرەڕەهەندە کە تێیدا کۆنترۆڵکردنی گەرووی هوورمز و دەستبەسەرداگرتنی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران وەک بژاردەی سەرەکی دیاری کراون.
پێگەی (ئەکسیۆس)ی ئەمریکی لە ڕاپۆرتێکی نوێدا ئاشکرای دەکات کە فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) سهرقاڵی داڕشتنی پلانێکی سەربازیی هەمەلایەنەیە بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی (کورت و کوشندە) بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران. ئەم پلانە تەنها لە لێدانی سەربازیی ئاسایی کورت نابێتەوە، بەڵکوو ستراتیژییەتێکی فراوانترە بۆ پەکخستنی تواناکانی تاران.
ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوەش دەکات کە سێنتکۆم تەنها ئامانجە سەربازییەکانی نیشانە نەکردووە، بەڵکوو ئەگەرێکی بەهێز هەیە کە هێرشەکان ژێرخانی مەدەنیی ئێرانیش بگرێتەوە. ئەم هەنگاوە وەک توندترین جۆری فشار دەبینرێت بۆ ناچارکردنی تاران بە مەبەستی پاشەکشەکردن لە پڕۆژە ئەتۆمییەکەی و گەڕانەوە بۆ سەر مێزی دانوستان بە مەرجەکانی واشنتن.
پلانە پێشنیازکراوەکە لەسەر دوو تەوەرەی ستراتیژیی مەترسیدار وەستاوە، پەیوەستە بە گەرووی هوورمز تێیدا ئەگەری بەکارهێنانی هێزی زەمینی بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچە ستراتیژییەکانی گەرووەکە هەیە بە مەبەستی زامنکردنی کەشتیوانیی نێودەوڵەتی.
سێنتکۆم پێشنیاری ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی تایبەتی لەلایەن هێزە کۆماندۆکانەوە کردووە بۆ دەستبەسەرداگرتنی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران، تاوەکوو بە کردەیی ڕێگری لە هەر هەوڵێکی تاران بۆ پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمی بگیرێت.

