وانگ یی، وەزیری کاروباری دەرەوەی چین، ڕۆژی چوارشەممە لە دیدارێکدا لەگەڵ عەباس عێراقچی، هاوتا ئێرانییەکەی، داوای کۆتاییهێنان بە دوژمنکارییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و کردنەوەی گەرووی هورمزی لە زووترین کاتدا لە لایەن ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئێرانەوە کرد.
لە بەیاننامەی وەزارەتی دەرەوەی چین دەربارەی دانوستانەکانی وانگ یی و عەباس عێراقچیدا هاتووە: «چین پێی وایە پێکدادانەکان دەبێت بێ دواکەوتن بەتەواوی ڕابگیرێن و دەستپێکردنەوەی دوژمنکارییەکان قبووڵکراو نییە و بەردەوامیی دانوستانەکان پێویستە».
هەروەها لە بەیاننامەکەدا هاتووە چین بەرگری لە “مافی ڕەوا”ی ئێران بۆ “بەکارهێنانی ئاشتییانەی وزەی ناوکی” دەکات.
شەوی سێشەممە مارکۆ ڕووبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، بەرانبەر سەردانەکەی عەباس عێراقچی هیوای خواستبوو پەکین ڕاستەوخۆ بە تاران بڵێت کردەوەکانی ئێران لە گەرووی هورمز بووەتە هۆی دابڕانی جیهانیی ئەو وڵاتە.
ئەو لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کۆشکی سپی گوتی نابێت ئێران بە هێرشکردنە سەر کەشتییەکان، چاندنی مین و “بە بارمتەگرتنی ئابووریی جیهان” لە داخستنی گەرووی هورمز بەردەوام بێت. ڕووبیۆ گوتیشی ئەم دۆخە زیان بە چین دەگەیەنێت، چونکە ئابووریی چینی بەستراوەتەوە بە هەناردەکردن و تێکچوونی گواستنەوەی دەریایی جیهانی زیان بە ئابووریی ئەو وڵاتە دەگەیەنێت.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هۆشداریشی دا ئەگەر کۆمپانیا یان دامەزراوە چینییەکان سزاکانی ئەمریکا دژی ئێران پشتگوێ بخەن، ڕەنگە ڕووبەڕووی سزای لاوەکی ببنەوە.

