لەم هەفتەیەدا لە وێنە مانگییە دەستکردەکاندا، لەسەر ڕووبەری دەیان کیلۆمەتر چوارگۆشە لە ئاوهكانی نزیک دوورگەی خارگ، کە ناوەندی سەرەکی نەوتی ئێرانە، رژانی نهوت بۆ ناو دهریا بینراوە.
وێنەکانی مانگە دەستکردەکانی سەر بە پڕۆژەی کۆپەرنیکۆس لە نێوان ٦ بۆ ٨ی ئایاردا نیشانی دەدەن کە ئەم ڕژانە کە لە وێنەکاندا وەک پەڵەیەکی ڕەساسی و سپی دەردەکەوێت ئاوەکانی ڕۆژئاوای دوورگەکەی به درێژی ٨ کیلۆمەترە داپۆشیوە.
لیۆن مۆرلان، توێژەر لە ڕوانگەی ململانێ و ژینگە (Conflict and Environment Observatory)، کە مەزەندەی کردووە ڕووبەری پەڵەکە نزیکەی ٤٥ کیلۆمەتر چوارگۆشە بێت، وتی: “پەڵەکە لە ڕووی بینینەوە لەگەڵ نەوتدا دەگونجێت.”
لویس گۆدارد، هاودامەزرێنەری کۆمپانیای ڕاوێژکاری (Data Desk) وتی، وێنەکان ئهوه دهردهخهن كهوت ئەگەری زۆرە پەڵەیەکی نەوت بن. ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەمە ڕەنگە لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران لە ٧٠ ڕۆژ لەمەوبەرەوە گەورەترین ڕژانی نەوت بێت.
سوپای ئەمریکا و نێردەی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێف دەستبەجێ وەڵامی داواکارییەکانیان بۆ لێدوان لەسەر وێنەکان نەدایەوە.
مۆرلان ئاماژەی بەوەش کرد، تا ئێستا هۆکاری ڕژانەكه و سەرچاوەکەی نادیارە، و وێنەکانی ٨ی ئایار هیچ بەڵگەیەکی تریان نیشان نەداوە بۆ بەردەوامبوونی ڕژانی نوێ.
دوورگەی خارگ، کە هێزەکانی ئەمریکا ڕایانگەیاندبوو پێشتر لە شەڕەکەدا ئامانجە سەربازییەکانیان تێیدا تێکشکاندووە، ناوەندی ٩٠٪ی هەناردەکردنی نەوتی ئێرانە، کە زۆربەی بۆ چین دەچێت.
هێزی دەریایی ئەمریکا گەمارۆی بەندەرەکانی ئێرانی داوە بە مەبەستی ڕێگریکردن لە هاتنە ناوەوە و چوونە دەرەوەی تانکەرەکانی تاران، هاوکات هێزەکانی ئەمریکا و ئێران لە کەنداو ڕووبەڕووی یەکتر بوونەتەوە.
ئەم شەڕە هەروەها بووەتە هۆی گیرخواردنی سەدان کەشتی لە کەنداودا و گەورەترین پەککەوتنی لە دابینکردنی نەوتی خاو لە جیهاندا دروستکردووە، جگە لە زیان گەیاندن بە دابینکردنی بەرهەمە نەوتییەکان و گازی سروشتی شلکراوە (LNG) لە ئاستی جیهاندا. رۆیتهرز

