ئەمڕۆ سێشەممە، سیپان شێروانی ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کورداستان ڕایگەیاند: “سەردانی وەزارەتی نەوتی فیدراڵیم کرد و لەگەڵ بریکاری وەزیر بۆ کاروباری گاز کۆبوومەوە؛ ڕەزامەندیمان وەرگرت کە لە ڕۆژی پێنجشەممەوە پشکی هەولێر و دهۆک لە گازی شل بنێردرێتەوە.”
بە گوتەی ئەو پەرلەمانتارە، پشکی هەردوو پارێزگاکە بریتییە لە 150 تۆن گازی شل بە شێوەی ڕۆژانە، هەروەها بڕیاردراوە کە “قەرەبووی ئەو ماوەیەش بکرێتەوە کە ناردنی غازەکەی تێدا ڕاگیرابوو.”
لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی ڕاگرتنی پشکی غازی هەولێر و دهۆک لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە، قەیرانی غاز لەو دوو پارێزگایە دروستبوو و نیگەرانی زۆری لای هاووڵاتییان دروست کردبوو.
سیپان شێروانی ئاماژەی بەوەش کرد، گەڕانەوەی ئەم پشکە کۆتایی بەو قەیرانە دەهێنێت کە لە بازاڕەکاندا دروست ببوو.

