بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی مەترسییەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی “هانتا”، لیژنەی زانستی لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری یەکەم کۆبوونەوەی خۆی ئەنجامدا و زنجیرەیەک ڕێکاری توندی خۆپارێزی بۆ پاراستنی هاووڵاتییان ڕاگەیاند.
ڕۆژی سێشەممە، ١٢-٥-٢٠٢٦، لیژنەی زانستیی بەڕێوەبەرایەتییەکە کۆبووەوە بۆ تاوتوێکردنی مەترسییەکانی ڤایرۆسی هانتا. بەگوێرەی زانیارییە زانستییەکان، ئەم ڤایرۆسە بۆ یەکەمجار لە نێوان ساڵانی ١٩٥٠ بۆ ١٩٥٣ لە جیهاندا بڵاوبووەتەوە و لە ساڵی ١٩٧٨ لە کۆریای باشوور دەستنیشانکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ ڤاکسینێکی بۆ نەدۆزراوەتەوە.
مەترسییەکان و ڕێژەی مردن
لیژنەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ڤایرۆسی هانتا لە ڕێگەی قرتێنەرەکانەوە (وەک جرج، مشک و هامستەر) دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ. مەترسیی هەرە گەورەی ئەم ڤایرۆسە لەوەدایە کە دەبێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشیی (HPS) کە تێیدا ڕێژەی گیانلەدەستدان دەگاتە ٥٠٪.
ڕێکارە نوێیەکانی حکومەت
بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدان و بڵاوبوونەوەی ئەم ڤایرۆسە، لیژنەی زانستی چەند بڕیارێکی گرنگی دەرکردووە، لەوانە:
١. هەڵمەتی قڕکردن: دەستپێکردنی هەڵمەتێکی فراوان بۆ لەناوبردنی جرج و مشک لە هەموو فەرمانگە حکومی و ناحکومییەکان. هەروەها پابەندکردنی کارگەکانی ئالیک، پڕۆژەکانی پەلەوەر، کوشتارگەکان، کارگەکانی شیرەمەنی و گۆشت، و دوکانی قەسابەکان بە بەکارهێنانی ماددەی قڕکەر.
٢. قەدەخەکردنی هاوردە: ڕێگریکردن لە هاتنەژوورەوەی “هامستەری جوانی” لە سەرجەم خاڵە سنوورییەکانەوە، بەو پێیەی یەکێکە لەو ئاژەڵانەی ڤایرۆسەکە دەگوازێتەوە.
٣. کۆگاکانی خواردنی ئاژەڵ: بە هەماهەنگی لەگەڵ سەندیکاکانی ڤێتێرنەری، چاودێری وردی کۆگاکانی خواردنی سەگ و پشیلە دەکرێت و سەرجەمیان ئاگادار دەکرێنەوە کە پێویستە بە خێرایی جرج و مشک لەناو کۆگاکانیاندا بنبڕ بکەن.
ئەم هەنگاوانەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری لەکاتێکدایە کە جیهان بە وریاییەوە چاودێری نەخۆشییە گوازراوەکان دەکات و هەوڵ دەدرێت لە ڕێگەی کۆنترۆڵکردنی سەرچاوەی ڤایرۆسەکە، ڕێگری لە کارەساتی تەندروستی بگیرێت.

