شارەزایەکی نێودەوڵەتیی بواری ئابووری، وێنەیەکی مەترسیدار بۆ داهاتووی دارایی عێراق دەكێشێت و ڕایدەگەیەنێت، وڵاتەکە تەنها بۆ ماوەی پێنج مانگ “بەرگریی دارایی” لەبەردەستدا ماوە بۆ ئەوەی بتوانێت مووچەی فەرمانبەران بپارێزێت، ئەگەر بێت و داهاتی نەوت تووشی هەر قەیرانێکی کتوپڕ ببێت.
“دایکی قەیرانەکان” لە ڕێدایە
زیاد داود، گەورە شارەزای ئابووری، لە میانی کۆڕبەندێکی “ئەنجومەنی ئەتڵەسی” لە واشنتن ڕایگەیاند، عێراق بەهۆی پشتبەستنی ڕەها بە داهاتی نەوت، ئێستا لە دۆخێکی زۆر هەستیارتردایە بەراورد بە قەیرانەکانی ساڵی ٢٠٠٨ و ٢٠١٤ و تەنانەت ٢٠٢٠. ئاماژەی بەوەش کرد کە عێراق بەرەو “دایکی قەیرانەکان” دەڕوات ئەگەر نەتوانێت هاوسەنگی لە نێوان “دابینکردنی مووچە” و “پاراستنی بەهای دینار”دا ڕابگرێت.
هاوکێشە مەترسیدارەکە بە ژمارە:
ئەو شارەزا ئابوورییە لە ڕێگەی لێکدانەوەیەکی وردی ژمارەییەوە، هێڵی سووری دارایی عێراقی بەم شێوەیە دیاری کرد:
• یەدەگی گشتی: بانکی ناوەندی خاوەنی ١٠٠ ملیار دۆلارە.
• پاراستنی دینار: ٧٥ ملیار دۆلاری ئەم یەدەگە وەک “کۆڵەکەی بەهای دینار” هەژمار دەکرێت و ناتوانرێت دەستی بۆ ببرێت.
• پاشکەوتی بەردەست: تەنها ٢٥ ملیار دۆلار لەبەردەستی حکومەتدایە بۆ مانۆڕکردن و پڕکردنەوەی کورتهێنان.
• خەرجیی مووچە: حکومەت مانگانە پێویستی بە زیاتر لە ٥.٣ ملیار دۆلار هەیە (ساڵانە ٦٤ ملیار دۆلار) بۆ مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان.
بەپێی ئەم هاوکێشەیە، ئەو ٢٥ ملیار دۆلارەی کە وەک زیادە لەبەردەستە، تەنها بۆ ماوەی ٥ مانگ دەتوانێت مووچە بە پارێزراوی بهێڵێتەوە، ئەگەر هەناردەی نەوت ڕابوەستێت یان نرخەکەی بە توندی دابەزێت.
مۆندیال وەک “سڕکەری” قەیرانەکە
زیاد داود ئاماژەی بەوە کرد کە کەشی مۆندیالی ٢٠٢٦ و ئاهەنگەکان تا مانگی تەموزی داهاتوو وەک جۆرێک لە “سڕکەر” کار دەکەن و دۆخەکە بە سەقامگیری نیشان دەدەن، بەڵام ڕاستی کێشەکان دوای ئەو بەروارە و لەگەڵ زیادبوونی فشارە نێودەوڵەتییەکان و گۆڕانکارییەکانی بازاڕی وزە دەردەکەون.
ئەم هۆشدارییە لە کاتێکدایە کە حکومەتی ڕاسپێردراو بە سەرۆکایەتی عەلی زەیدی، لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی سەختدایە بۆ داڕشتنی پڕۆژەیاسای بودجەی ٢٠٢٦، بە شێوەیەک کە بتوانێت مووچەی فەرمانبەران بە پارێزراوی بهێڵێتەوە و ڕێگری لە هەر داڕمانێکی بەهای دینار بکات.

