دەستەی گەشتوگوزاری عێراق ڕایگەیاند کە لە چوارچێوەی دەستپێشخەریی ڕێکخراوی گەشتوگوزاری جیهانیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەڵبژاردنی ١٠٠ باشترین گوندی گەشتیاری لە جیهاندا، حەوت گوندی عێراقی کاندید کراون. لەو ژمارەیەش، سێ گوندیان دەکەونە هەرێمی کوردستانەوە کە بریتین لە: بیارە لە هەڵەبجە، هرۆر لە دهۆک، و ڕواندز لە هەولێر.
عەلی یاسین، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار ئاماژەی بەوە کرد کە دۆسیەیەکی گشتگیر و تۆکمە بۆ ئەم پێشبڕکێیە ئامادە کراوە بە ئامانجی هاندانی گەشتوگوزاری گوندنشینی و ژینگەیی، و ناساندنی کولتوور و سروشتی ناوچەکە بە جیهان. چوار گوندەکەی دیکەی کاندیدکراو دەکەونە پارێزگاکانی مووسڵ، کەربەلا، زیقار و واسیت.
گوتەبێژەکە جەختیشی کردەوە کە هەر گوندێک لەم پێشبڕکێیەدا سەرکەوتن بەدەستبهێنێت، دەبێتە جێی سەرنجی ڕێکخراوی گەشتوگوزاری جیهانی و لە ماڵپەڕە فەرمییەکانیاندا ڕیکلامی گەشتیاریی بۆ دەکرێت.

