لە چوارچێوەی چالاکییە هونەرییە نوێکاندا، گەلەری “کێنت فارندەیڵ” لە شاری ئۆنتاریۆ، پێشوازی لە پێشانگایەکی شێوەکاریی نوێی هونەرمەند دارا ئارام دوکرێت.
پێشانگەکە لەژێر ناونیشانی “سروشت؛ ئیلهامبەخشی ئومێد”-ە و کۆمەڵێک بەرهەمی هونەریی نوێ لەخۆدەگرێ، تێیدا هونەرمەند ڕەنگ و روانینی جیاواز بەکاردەهێنێت بۆ تاقیکردنەوەی تەکنیکەکانی شێوەکاریی فیگوراتیڤ، ئەبستراکت و دیمەنی سروشتی.
لە ڕێگەی ئەم تابلۆ و کارە تێکەڵاوانەوە، پەیامێکی قووڵ لەسەر بنەمای ڕێزگرتن لە گرنگیی زەوی، جوانییەکەی، سەرچاوە سروشتییەکان و بەها کولتووری و ئیکۆلۆژییەکەی پێشکەش بە بینەران دەکرێت.
هونەرمەند لەم پێشانگایەدا هەوڵیداوە لە ڕێگەی ئۆرکێسترایەک لە ڕەنگ و فۆرمی جۆراوجۆر، گوزارشت لە چەمکەکانی ئومێد، ئاشتی و پێویستیی پاراستنی ژینگە بکات.
ئەم ڕووداوە هونەرییە لە ڕێکەوتی ٢٠ی حوزەیران تا ٢٣ی تەممووزی ٢٠٢٦ بەردەوام دەبێت و رێوڕسمی کردنەوەی پێشانگاکەش لە یەکەم ڕۆژیدا واتە ٢٠ی حوزەیران بەڕێوەدەچێت.
هۆگران و ئارەزوومەندانی هونەر دەتوانن لە گەلەری کێنت فارندەیڵ، کە دەکەوێتە ژمارە ٢٣١ی شەقامی واتەر لەناو کتێبخانەی گشتیی یادەوەریی ئۆنتاریۆ، ئامادەی ئەم چالاکییە بن و پێکەوە ئاهەنگی ئیلهامی سروشت و ئومێد بگێڕن.

