نێچیرڤان بارزانی و وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا لە ڕۆما کۆبوونەوە و پرسی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و دۆخی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد. ئەنتۆنیۆ تایانی ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بە بایەخەوە لە پێگەی هەرێمی کوردستان دەڕوانێت وەک فاکتەرێکی ئارامی.
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، ١٩ـی ئایاری ٢٠٢٦، لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ ئیتاڵیا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەنتۆنیۆ تایانی، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا کۆبووەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق لەگەڵ ئیتاڵیا لە بوارە جیاجیاکاندا تاوتوێ کراوە. نێچیرڤان بارزانی سوپاس و پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ “پشتیوانییە بەردەوامەکانی ئیتاڵیا لە پاراستنی سەقامگیریی ناوچەکە” دووپاتکردەوە.
لای خۆیەوە، ئەنتۆنیۆ تایانی جەختی لە بەردەوامیی پشتگیرییەکانی ڕۆما بۆ هەولێر و بەغدا کردەوە و ئاماژەی بەوە کرد، ئیتاڵیا ئامادەیە هاوکارییە هاوبەشەکانی لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان فراوانتر بکات.
بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. تێیدا هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و پێویستیی پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری لە ناوچەکەدا.
ئەم کۆبوونەوەیەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدایە، ئیتاڵیا وەک ئەندامێکی کارای هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، پەیوەندییەکی مێژوویی و سەربازیی بەهێزی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە.

