زیادبوونی نرخی سووتەمەنی بۆ دووەم جار لە ماوەی هەفتەیەکدا لە هیندستان، ناڕەزایەتیی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی لێ کەوتەوە.
مالیکارجۆن خارگێ، ڕێبەری پارتی کۆنگرێسی هیندستان دەڵێت ئەم هەنگاوە بارێکی قورستر دەخاتە سەر شانی خەڵک. حکوومەت دەڵێت ئەم زیادکردنە بۆ پڕکردنەوەی تێچووەکانی بەرزبوونەوەی نرخی جیهانیی سووتەمەنی پێویستە.
هەرچەندە زیادکردنی ئەم دوایییە کەمتر لە ڕوپیەیەکە، بەڵام مەترسیی هەیە کاریگەریی لەسەر هەڵاوسان هەبێت. گرژییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران و سنوورداربوونی هاتوچۆ لە گەرووی هورمز، زۆر وڵاتی بەرانبەر تەحەددیی زیادبوونی تێچووی سووتەمەنی ڕاگرتووە.
دوێنێ لە چەند وڵاتێکی ئەفریقاش بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنییەوە ناڕەزایەتی و ئاڵۆزی ڕووی دا. زۆرینەی وڵاتانی ئەفریقا بۆ دابینکردنی سووتەمەنی، بەتەواوی پشت بە هاوردەکردن لە کەنداوی عەرەبی دەبەستن.

