zagros news agency

دوای 12 ساڵ مزگەوتی نەبی یونس لە مووسڵ یەکەمین نوێژی جەژنی تێدا ئەنجامدرا

‎​
‎مزگەوتی مێژوویی “نەبی یونس” لە شاری مووسڵ، ئەمڕۆ چوارشەممە، 27-5-2026، دوای 12 ساڵ یەکەمین نوێژی جەژنی تێدا کرا، ئەمەش دوای ئاوەدانکردنەوەی مزگەوتەکە کە پێشتر لەلایەن ڕێکخراوی داعشەوە تەقێندرابووەوە.

‎​
‎​محەمەد عەبدولوەهاب شەماع، پێشنوێژ و وتاربێژی مزگەوتەکە ڕایگەیاند: “مزگەوتەکە ئەمڕۆ پێشوازی لە یەکەمین نوێژی جەژن کرد لە دوای تەقاندنەوەی لەلایەن چەکدارانی داعشەوە ، گوتیشی، نوێژەکە لە کەشێکی پڕ لە ئیمانداری و ڕۆحیەتدا بەڕێوەچوو، کە تێیدا هەزاران نوێژخوێن لە ناوچە جیاجیاکانی مووسڵەوە ڕوویان تێکردبوو”.

‎​شەماع ئاماژەی بەوەش کرد، گەڕانەوەی نوێژ بۆ ئەم مزگەوتە ساتەوەختێکی زۆر گرنگە بۆ خەڵکی مووسڵ، بەهۆی ئەو سیمبولییەتە ئاینی و مێژووییە گەورەیەی کە ئەم شوێنە لەلای دانیشتووانی شارەکە هەیەتی.

‎​گرنگیی مێژوویی و شوێنەواریی مزگەوتەکە
‎​مزگەوتی نەبی یونس یەکێکە لە دیارترین شوێنەوارە ئاینی و کولتوورییەکانی شاری مووسڵ، جگە لەوەی گرنگییەکی شوێنەواریی تایبەتی هەیە بەهۆی هەڵکەوتنی لە نزیک پاشماوەکانی کۆشکی مێژوویی “سەرحەدۆن”.

‎​ئەم شوێنەوارە گرنگە لە ساڵی 2014 ڕووبەڕووی وێرانکارییەکی بەرفراوان بووەوە، دوای ئەوەی لەلایەن ڕێکخراوی داعشەوە لە کاتی کۆنترۆڵکردنی شارەکەدا تەقێندرایەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

ڕەوشی دڵتەزێنی ئاوارە درووزییەکانی سوەیدا؛ ماڵەکانیان تاڵان کراوە و کچ و ژنەکانیان ڕفێندراون

یاسین

ڕووسیا: ئەورووپا ناهێڵێت شەڕی ئۆکرانیا تەواو بێت

یاسین

كۆنفیدراسیۆنی ڕەوەندی کوردستانی بانگەوازێک ئاراستەی کوردستانیانی دیاسپۆرا دەکات

یاسین