ڕاپۆرتە تەکنەلۆژییە نوێیەکان ئاشکرای دەکەن کە کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای خاوەنی چات جی پی تی لە چەند هەفتەی داهاتوودا گەورەترین گۆڕانکاری لە مێژووی خۆیدا ڕادەگەیەنێت و سەکۆکەی دەگۆڕێت بۆ سوپەر ئەپێکی پێشکەوتوو کە ئامرازەکانی کۆدنووسی و بریکارەکانی ژیری دەستکرد لە خۆدەگرێت ئەم هەنگاوە نوێیەی کۆمپانیاکە دوای ئەوە دێت کە بەرپرسێکی باڵای بەرهەمەکان لە ناو کۆمپانیاکەدا ڕایگەیاندووە چاتی ئاسایی مردووە و ئێستا کاتی ئەوەیە ستراتیژی خۆیان بەتەواوی بگۆڕن بۆ سەر بریکارە زیرەکەکان کە دەتوانن ئەرکەکان بە شێوەیەکی سەربەخۆ جێبەجێ بکەن.
ئامانجی سەرەکی ئۆپن ئەی ئای لەم گۆڕانکارییە گەورەیە کێبڕکێی توندە لەگەڵ کۆمپانیای ئەنسرۆپیک بۆ ڕاکێشانی کڕیارانی سەر بە کەرتی کۆمپانیا و بزنسەکان و هاوکات هاندانی بەکارهێنەرانی خزمەتگوزارییە بێبەرامبەرەکانە بۆ ئەوەی ببنە بەکارهێنەری بەرهەمە بەپارەکانی وەک ئامرازی کۆدنووسی کۆدێکس چونکە لە ئێستادا بەکارهێنەرانی کۆدێکس بەشێکی زۆری داهاتی کۆمپانیاکە پێکدەهێنن و ئۆپن ئەی ئای دەیەوێت پێش چوونە ناو تەلاری بۆرسە و ڕاگەیاندنی پشکەکانی بە فەرمی بگاتە قۆناغی قازانجی دارایی بەرز.
هەروەها کۆمپانیاکە پێشتر چەندین پڕۆژەی لاوەکی خۆی وەک سۆرا ڕاگرتووە تەنها بۆ ئەوەی تەواوی سەرنج و توانای ستافەکەی بخاتە سەر بونیادنانی ئەم سوپەر ئەپە نوێیە کە وەک نوێکردنەوەیەک بۆ ماڵپەڕ و ئەپڵیکەیشنی چات جی پی تی دەردەکەوێت و دەبێتە دەروازەیەک بۆ بەستنەوەی بەکارهێنەران بە خزمەتگوزاری کۆمپانیا هاوبەشەکانی وەک ماڵپەڕەکانی گەشتوگوزار و خزمەتگوزارییە جیاوازەکانی تر کە ئەمەش شێوازی کارکردنی بەکارهێنەران لەگەڵ ژیری دەستکرددا لە چاتی ئاساییەوە دەگۆڕێت بۆ جێبەجێکردنی ڕاستەوخۆی ئەرکەکان لە جیهانی ڕاستەقینەدا.

