zagros news agency

کازم ساهیر پەردە لەسەر نەهامەتییەکانی ژیانی لادەدات

هونەرمەندی عێراقی، کازم ساهیر،، لە نوێترین دەرکەوتنیدا پەردەی لەسەر چەندین وێستگەی سەخت و پڕ لە ئازاری قۆناغی منداڵی و گەنجێتی خۆی لادا، کە چۆن توانیویەتی ئەو نەهامەتییانە بکاتە هێزێک بۆ گەیشتن بە لوتکەی سەرکەوتن.

ساهیر، لە میانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی ناسراوی «ABtalks» لەگەڵ میدیاکار ئەنەس بوخەش، بە ڕاشکاوی باسی لەو ساڵانە کرد کە تێیدا خۆی و خێزانەکەی بەدەست هەژارییەوە ناڵاندوویانە. ئاماژەی بەوە کرد، ژیانی هێندە ئاسان نەبووە وەک ئەوەی خەڵکێك پێی وایە، بەڵکو پڕ بووە لەو ئالنگاریانەی کە وایان لێکردووە لە تەمەنێکی زۆر بچووکەوە بەرپرسیارێتی گەورە هەڵبگرێت.

لە کاریگەرترین و سەرنجڕاکێشترین بەشەکانی یادەوەرییەکانیدا، کازم ساهیر ئاشکرای کر، لە منداڵیدا بەهۆی نەبوونی و نەتوانینی کڕینی یاریی، ناچار بووە خۆی یارییەکانی دروست بکات و گوتی: تەقەل و وایەر و کەرەستەی سادەم لەنێو زبڵدانەکاندا کۆدەکردەوە و بە خەیاڵی خۆم دەمگۆڕین بۆ ئۆتۆمبێل و یاریی جۆراوجۆر.

هەروەها ڕوونیکردەوە، ئەم ئەزموونە سادانە، سەرەتایەکی پێشوەختە بوون بۆ دروستبوونی پەیوەندی ئەو لەگەڵ جیهانی داهێناندا؛ لەوێوە فێربووە چۆن لە کەرەستەیەکی زۆر سنووردارەوە، شتێکی ناوازە دروست بکات، ئەمەش بوو بە فەلسەفەی کارکردنی لە کاروانی هونەری داهاتوویدا.

هونەرمەندەکە باسی لەوە کرد کە لە ژینگەیەکی زۆر سادە و بێبەش لە پێداویستییە سەرەتاییەکان گەورە بووە، بەڵام ئەم کەم دەرامەتییە نەک نەبووەتە هۆی بێئومێدبوونی، بەڵکو گیانی ئالنگاری و سووربوونی تێدا چاندووە بۆ گۆڕینی واقیعەکەی.

ساهیر ئاشکرای کرد، بۆ هاوکاریکردنی خێزانەکەی، لە تەمەنی دە ساڵییەوە دەستی بە کارکردن کردووە. ئەم تێکەڵاوبوونە پێشوەختەی لەگەڵ سەختییەکانی ژیان، هێزێکی تایبەتی پێبەخشیوە بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی قەیرانەکان و تێگەیشتن لە نرخی ڕەنجدان لەپێناو بەدیهێنانی خەونەکاندا.

کازم ساهیر جەختی لەوە کردەوە کە ساڵانی بێبەشی و نەهامەتی نەک هەر نەیانتوانیوە بیڕوخێنن، بەڵکو بزوێنەرێکی بەهێز بوون بۆ بەردەوامبوون. ئەو دووپاتی کردەوە کە تەواوی ئەو ناڕەحەتییانەی بەسەریدا هاتوون، ڕۆڵی سەرەکییان هەبووە لە داڕشتنی کەسایەتی هونەری و مرۆیی ئەودا.

ئەمڕۆ کازم ساهیر وەک یەکێک لە دیارترین و درەوشاوەترین ئەستێرەکانی موزیک و گۆرانی عەرەبی دەناسرێت، توانیویەتی گەشتێکی پڕ لە کۆسپ و ئالنگاری بگۆڕێت بۆ کاروانێکی هونەریی ناوازە و بۆ چەندین دەیە پێگەی خۆی لە دڵی ملیۆنان هەواداریدا بپارێزێت.

هەواڵی پەیوەندیدار

سەرۆکی حکومەت پێشوازی لە شاندێکی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکات

سەڵاح

کتێبی “هەورامان لە نێو بەرداشی ململانێکاندا” ناسێندرا

ART

سەرۆک کۆماری تورکیا: دەیانەوێت پرۆسەی ئاشتی سەرنەگرێت

سەڵاح