zagros news agency

فیفا دان بە کێشەی تەکنیکی دادەنێت لە پشکنینی گۆڵی یەکەمی سویسرا بەرامبەر قەتەر

فیفا بە فەرمی ڕوونی کردەوە کە کێشەیەکی تەکنیکی لە کاتی پشکنینی حاڵەتی ئۆفساید پێش لێدانی سزای سویسرا بەرامبەر قەتەر ڕوویداوە، لە یارییەکانی قۆناغی کۆمەڵەکانی مۆندیالی ٢٠٢٦،کە بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕۆژنامەی (ئاس)ی ئیسپانی،لە کاتی پشکنینی دۆخەکەدا هێڵەکانی ئۆفساید لەسەر شاشە پیشان نەدران، ئەوەش بووە هۆی ڕەخنەی زۆر لەسەر بڕیارەکە.

فیفا لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا وتی: لە یارییەکەی نێوان قەتەر و سویسرا، کێشەیەکی تەکنیکی کورتخایەن ڕێگری لە پیشاندانی ئەنیمەیشنی گرافیکی ئۆفساید کرد پێش ئەو لێدانی سزایەی کە لە خولەکی ١٤دا بە سویسرا درا.

هەروەها ئاماژەی کرد کە کێشەکە بە خێرایی چارەسەر کراوە و هیچ کاریگەرییەکی لەسەر کارکردنی سیستەمی VAR و بڕیارەکانی داوەران نەبووە. فیفا جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە هەموو ڕێکارە فەرمییەکان بۆ پشتڕاستکردنەوەی بڕیارەکە بە تەواوی جێبەجێ کراون
لە کۆتاییدا، فیفا ڕایگەیاند کە داتاکانی VAR نیشانیان نەداوە هیچ یەک لە یاریزانە هێرشبەرەکان لە دۆخی ئۆفسایددا بووبن پێش پێدانی لێدانە سزاکە.

لە هەمان کاتدا گاری نیڤڵ،ئەستێرەی پێشووی هەڵبژاردەی ئینگلتەرا،ڕەخنەی توندی ئاراستەی فیفا کرد و وتی: «بۆچی فیفا ئەو زانیاریانە بە خەڵک نیشان نادات؟،لە کاتێکدا بێمتمانەیی زیاتر دەبێت، شاردنەوەی ئەم داتایانە گاڵتەجاڕییەکی تەواوە.

“سەرکار ڕێبوار”

هەواڵی پەیوەندیدار

لیڤەرپوول سەرنجی خستە سەر عومەر مارمووشیە

یاسین

ئەستێرەیەکی ئەڵمانیا لە مۆندیال بێـبەش بوو

یاسین

هانزی فلیک باس لە جێهـێـشـتنـی بارسێلۆنا دەکات

یاسین