وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، سیاسەتێکی فرەئاستی بۆ ڕێکخستنی هاوردەکردن و پاراستنی بەرهەمی ناوخۆیی ڕاگەیاند و جەختی کردەوە کە ئەم ڕێکارانە بە ئامانجی دروستکردنی هاوسەنگی لە بازاڕ و پاڵپشتیکردنی ئاسایشی خۆراکدا جێبەجێ دەکرێن لە سایەی ئالنگارییەکانی وشکەساڵی و گۆڕانی کەشوهەوادا.
گرنگترین خاڵەکانی ناو لێدوانی ڕاوێژکاری وەزارەتەکە، مەهدی زەمەد ئەلقەیسی:
ڕۆژژمێری کشتوکاڵی (الرزنامة الزراعية): سیاسەتی قەدەغەکردنی هاوردەکردن تەنیا لە کاتی هەبوونی بەرهەمی پێویستی ناوخۆییدا جێبەجێ دەکرێت. بڕیارەکە چەندین بەرهەمی وەرزی دەگرێتەوە لەوانە: شوتی، کاڵەک، خەیار، باینجان، پیاز، پەتاتە، تەماتە، گەنم، خورما، لەگەڵ مریشکی زیندوو (گۆشت و هێلکە)، بە ئامانجی پاراستنی جوتیاران و ڕێگریکردن لە داڕمانی نرخەکان.
سێ ئاستی سەرەکیی قەدەغەکردنی هاوردەکردن:
1. قەدەغەکردنی وەرزی (الحظر الموسمي): قەدەغەکردنێکی کاتییە و بەستراوەتەوە بە زۆریی بەرهەمی ناوخۆیی لە بازاڕدا بۆ ئەوەی جوتیاران بتوانن بەرهەمەکانیان ساغ بکەنەوە.
2. قەدەغەکردنی پەیوەست بە تۆو و شەتڵ (البذور والتقاوي): ڕێگری دەکرێت لە هاوردەکردنی هەر جۆرە تۆوێکی بەرهەمە سەرەکییەکان (وەک گەنم، جۆ، گەنمەشامی، برنج و عەلەف) ئەگەر لە لایەن “لیژنەی نیشتمانی بۆ تۆمارکردن و پاراستنی جۆرە کشتوکاڵییەکان”ەوە پەسەند و تۆمار نەکرابێت. ئەم سیستەمە مافی ١٠ ساڵ پاراستنی یاسایی دەداتە لایەنی تۆمارکار بۆ گرەنتیی جۆریی و ڕێگریکردن لە هاوردەکردنی تۆوی بێهێز یان دەستکاریکراوی بۆماوەیی (معدلة وراثياً).
3. قەدەغەکردنی تەندروستی (کەرەنتینەی کشتوکاڵی و ڤێتێرنەری): ئامانجی پاراستنی سامانی ڕووەکی و ئاژەڵییە لەو نەخۆشییە ڤایرۆسی، بەکتریایی و کەڕووییانەی کە لە سنوورەکانەوە دێن، ئەمەش لە ڕێگەی قەدەغەکردنی هاتنەناوەوەی هەر بەرهەم یان ئاژەڵێکی تووشبوو یان گوماناوی.

