مانوێل نوێەری گۆڵپارێز و کاپتنی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، دوای بەشداریکردنی لە یارییەکەی بەرامبەر کۆتدیڤوار لە مۆندیالی 2026، توانی ژمارەیەکی پێوانەیی نوێ تۆمار بکات و ببێتە خاوەنی زۆرترین بەشداری لە مێژووی جامی جیهانیدا بە ئەنجامدانی 21 یاری.
ئەم دەستکەوتە گەورەیە وادەکات نوێەر پێش هۆگۆ لۆریسی فەڕەنسی بکەوێت کە پێشتر بە 20 یاری خاوەنی ئەو ڕیکۆردە بوو، ئەمەش دوای ئەوە هات کە لە مۆندیالەکانی 2018 و 2022دا بەهۆی ماڵاواییکردنی پێشوەختی هەڵبژاردەی ئەڵمانیا، دەرفەتی شکاندنی ئەو ژمارەیە بۆ نوێەر نەڕەخسابوو.
نوێەر لە ماوەی 16 ساڵی ڕابردوودا و لە مۆندیالی 2010ەوە بەردەوام پارێزگاری لە پێگەی خۆی کردووە و لەژێر سەرپەرشتی چوار ڕاهێنەری جیاوازدا گۆڵپارێزی یەکەمی “مانشافت” بووە، هەروەها ناوبراو بە داهێنانی شێوازی تایبەتی “لیبێرۆ” ناسراوە کە گۆڕانکارییەکی گەورەی لە چەمکی گۆڵپارێزیدا دروست کرد.
لە ڕیزبەندی گۆڵپارێزە خاوەن زۆرترین بەشدارییەکان لە مێژووی جامی جیهانیدا، مانوێل نوێەر بە 21 یاری لە پلەی یەکەمی لیستی مێژووییدایە.
لە پلەی دووەمدا هۆگۆ لۆریس بە 20 یاری دەبینرێت، هەریەکە لە کڵاودیۆ تافارێلی بەڕازیلی و سێپ مایەری ئەڵمانی بە هاوبەشی بە 18 یاری پلەکانی سێیەم و چوارەمیان گرتووە.
لە دوای ئەوانیشدا هەر یەکە لە دینۆ زۆف، فابیان بارتێز، ئیکەر کاسیاس و پیتەر شڵتن بە ئەنجامدانی 17 یاری لە ڕیزبەندییەکەدا دێن.

