وەزارەتی بەرگریی ڕووسیا ڕایگەیاند، سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ئەو وڵاتە لە ماوەی شەوی ڕابردوودا ١٧٥ فرۆکەی بێفڕکەوان ئۆکراینی لە ئاسمانی کریمیا، هەرێمی کراسنۆدار و پارێزگاکانی بێڵگۆرۆد، بریانسک، کالوگا، کۆرسک، ئۆریۆڵ، ڕۆستۆڤ، سمۆڵێنسک، تولا، هەروەها ناوچەی مۆسکۆ و سەر ئاوی دەریای ڕەش لەناوبردوون.
لە هەمان کاتدا، ئەلەکسەندەر شۆڤایف، جێنشینی پارێزگاری بێڵگۆرۆد، ڕایگەیاند کە لە ئەنجامی هێرشی هێزەکانی ئۆکراین بۆ سەر پارێزگاکە، یەک کەس کوژراوە و ١٠ کەسی دیکە بریندار بوون.
بەپێی وتەکانی شۆڤایف، هێزەکانی ئۆکراین ٧٦ هێرشیان بۆ سەر ناوچەکانی بێڵگۆرۆد ئەنجامداوە و دامەزراوەی بەرهەمهێنانی یەکێک لە کۆمپانیاکانیش زیانی پێگەیشتووە. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی ٩٢ فرۆکەی بێفڕۆکەری لە ئاسمانی پارێزگاکە لەناوبردووە.
لە لایەکی دیکەوە، سەرۆکی شارەوانی مۆسکۆ، سیرگەی سۆبیانین، ڕایگەیاند کە سیستەمی بەرگریی ئاسمانی دوو فرۆکەی بێفڕۆکەری کە بەرەو مۆسکۆ دەهاتن لەناوبردووە و تیمەکانی فریاگوزاری لە شوێنی کەوتنی پارچەکانیان ئامادەن.
هەروەها ئەلەکسەندەر خینشتین، پارێزگاری کۆرسک، ڕایگەیاند کە لە ماوەی ڕۆژی ڕابردوودا ١٠٨ فرۆکەی بێفڕۆکەری ئۆکراینی لە ئاسمانی پارێزگاکە لەلایەن بەرگریی ئاسمانی ڕووسیاوە لەناوبراون.

