zagros news agency

ئەمڕۆ ١٦ ساڵ بەسەر کۆچی دوایی سەفوەت جەراح تێدەپەڕێت

بەڕێوبەرایەتیی گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر، یادی ١٦ ساڵەی کۆچی دوایی شانۆکار سەفوەت جەراح دەکاتەوە کە لە ١٩ تەمموزی ٢٠١٠ کۆچی دوایی کردووە.

بەپێی راگەیێندراوێکی بەڕێوبەرایەتیی گشتی رۆشنبیری و هونەری هەولێر، لە شازدەیەمین ساڵی کۆچی دوایی سەفوەت جەراح، بە ڕێز و وەفادارییەوە یاد و ناوی یەکێک لە دیارترین پێشەنگان و دامەزرێنەرانی بزووتنەوەی شانۆ و سینەمای کوردی دەکەینەوە. هونەرمەندێک کە وەک ئەکتەر، دەرهێنەر، سیناریست و کارگێڕ، ژیانی خۆی بۆ گەشەپێدانی هونەری کوردی تەرخان کرد و بەرهەمی هزری و داهێنانەکانی هێشتا جێپەنجەیان لە مێژووی هونەری کوردستاندا دیارە.

سەفوەت جەراح لە ١٩٣٥ لە شاری مێژوویی کۆیە لەدایک بوو. خوێندنی سەرەتایی و ناوەندیی لە کۆیە و هەولێر تەواو کرد و لە تەمەنی گەنجیدا ئارەزووی هونەر و شانۆ لە ناخیدا چەکەرەی کرد.

لە ١٩٥٩ بە سەرکەوتوویی لە بەشی شانۆی پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی بەغداد دەرچوو؛ ئەو پەیمانگەیەی کە لەو سەردەمەدا یەکێک بوو لە گرنگترین ناوەندەکانی پێگەیاندنی هونەرمەندان لە عێراقدا.

سەرەتای هاتنە ناو مەیدانی شانۆی بۆ ساڵی ١٩٥٣ دەگەڕێتەوە، کاتێک لە شاری هەولێر وەک ئەکتەر لە شانۆی ئۆتێلۆ بە دەرهێنانی جەواد ڕەسول ناجی بەشداری کرد. ئەم ئەزموونە بووە دەروازەی گەشتێکی درێژ و پڕ لە سەرکەوتن لە جیهانی شانۆ و سینەمادا.

بەهۆی شارەزایی و لێهاتوویی لە بواری هونەر و بەڕێوەبردندا، چەندین پۆستی گرنگی پێ سپێردرا، لەوانە: بەڕێوەبەری فەرمانگەی سینەما و شانۆ لە بەغداد و بەڕێوەبەری شانۆ و هونەرە میللییەکان لە هەولێر.

لە ماوەی چەندین دەیە کار و چالاکی هونەری، لە دەیان شانۆ، دراما و فیلمدا وەک ئەکتەر، دەرهێنەر و نووسەر بەشداری کرد و بە هەموو کارەکانیدا هەوڵی دا شانۆ و سینەمای کوردی بەرەو پێش ببات. ژمارەیەک لە قوتابی و هونەرمەندانی نەوەی دواتر، کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لە ئەزموون و بیرکردنەوەکانی ئەو وەرگرتووە.

سەفوەت جەراح تەنیا ئەکتەر یان دەرهێنەرێکی سەرکەوتوو نەبوو، بەڵکوو مامۆستای نەوەیەک بوو. لە ماوەی چەندین دەیە خزمەت لە بواری شانۆ و سینەمادا، ژمارەیەکی زۆر لە گەنجانی ئارەزوومەند لەژێر دەستی ئەودا پەروەردە بوون و فێری بنەماکانی نواندن، دەرهێنان و ڕێکخستنی کاری شانۆییان بوون. بۆیە ناوی ئەو تەنیا بە بەرهەمە هونەرییەکانییەوە نەماوەتەوە، بەڵکوو بە قوتابخانەی فکری و هونەرییەکەشی ناسراوە.

لە سەردەمێکدا کە شانۆی کوردی هێشتا لە قۆناغی گەشەکردندا بوو، جەرقح هەوڵی دا شانۆ تەنیا وەک سەرگەرمی نەبینرێت، بەڵکوو وەک ئامرازێک بۆ ڕۆشنبیری، هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و پاراستنی ناسنامەی نەتەوەیی بەکاربهێنرێت. هەر بۆیە زۆربەی کارەکانی خاوەنی پەیامێکی کۆمەڵایەتی، مرۆیی و نیشتیمانی بوون.

ئەو بە باوەڕێکی قووڵەوە پێی وابوو هونەر بەرپرسیارییە، نەک تەنیا پیشە. لە هەموو ئەو پۆستانەی کە لە بواری بەڕێوەبردنی دامەزراوە هونەرییەکاندا گرتییە ئەستۆ، هەوڵی دا بوار بۆ گەشەی شانۆ و سینەمای کوردی بڕەخسێنێت و پشتگیری لە هونەرمەندانی گەنج بکات.

میراتی سەفوەت جەراح تەنیا لە ژمارەی شانۆ و دراما و فیلمەکانی کۆ نابێتەوە، بەڵکوو لەو ڕۆڵە گەورەیەدا دەردەکەوێت کە لە دروستکردنی بیر و ڕێبازێکی هونەریدا هەیبوو. ئەو لەو کەسانە بوو کە باوەڕیان بە پەیوەندی نێوان هونەر و ژیان هەبوو و هەمیشە داوای لە هونەرمەند دەکرد دەنگی خەڵک و ویژدانی کۆمەڵگا بێت.

دوای شازدە ساڵ لە کۆچی دوایی، هێشتا ناوی سەفوەت جەراح بە ڕێزەوە لە نێو بازنەی هونەرمەندان و ڕۆشنبیرانی کوردستاندا دەهێنرێت، چونکە ئەو جگە لە بەرهەمی هونەری، میراتێکی فکری و پیشەیی بەجێهێشتووە کە بۆ ساڵانی زۆری داهاتووش سەرچاوەی فێربوون و ئیلهامبەخشین دەبێت

دوایی ساڵەکانی تەمەنی سەفوەت جەرقح بە تێکۆشان لەگەڵ نەخۆشی تێپەڕی، تا لە ١٩ی تەممووزی ٢٠١٠ دڵە گەورەکەی، کە هەمیشە بە عەشقی هونەر دەڵەدا، لە لێدان وەستا و ماڵاوایی یەکجاریی لە ژیان و تەختەی شانۆ کرد.

کۆچی دوایی سەفوەت جەراح زیانێکی گەورە بۆ هونەری کوردی بوو، بەڵام میراتی هونەری، بیر و بەرهەمەکانی هێشتا وەک قوتابخانەیەکی کراوە لەبەردەم نەوەی نوێی شانۆکاران و سینەماکارانی کوردستاندایە. ئەو ناوە لە لاپەڕەکانی مێژووی هونەری کوردستاندا بە پیتی زێڕین نووسراوە و هەمیشە بە ڕێز و شانازییەوە یاد دەکرێتەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار

سعودیە بە سه‌ده‌ها ملیار دۆلار وەبەرهێنان لە ئەمەریکا دەکات

سەڵاح

بەهۆی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە دیداری زانستی زمانی دایک لە هەولێر دواخرا

ART

شامی بە هەڵوەشاندنەوەی کۆنسێرتەکەی لە لیبیا نیگەرانە

ART