zagros news agency

بەڵگەفیلمی “عەرعەر و سەگەکانی عەجاج” نمایشکرا

بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک، لە ئیمپایەر سینەما لە شاری هەولێر، ڕێوڕەسمی نمایشکردنی بەڵگەفیلمی “عەرعەر و سەگەکانی عەجاج”ـی ساز کرد.

ڕێوڕەسمەکە ئێوارەی چوارشەممە ٢٢ـی ٧ـی ٢٠٢٦، بە ئامادەبوونی د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، د.سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی و بەرپرسانی حزبی و حکوومی و ژمارەیەکی بەرچاو لە نووسەران، ڕۆشنبیران، ئەدیبان و ڕۆژنامەڤانان بەڕێوەچوو.

د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک وتارێکی پێشکەش کرد و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد کە:

مێژووی پڕ ژان و قوربانیدانمان پێویستی بە بەکولتوورکردنە، بۆیە هەوڵەکانی ڕۆژنامەنووس، محەممەد حاجی قادر بۆ بەرهەمهێنانی ئەم بەڵگەفیلمە، ئەرکێکی نیشتمانیی مەزنە و دەستخۆشی لێدەکەین. هەروەها  خاتوو فەزیلە محەممەد، ئەو ئافرەتە مەزنەی نیشتمان، کە سیمبولی خۆڕاگریی ڕۆژە ڕەشەکانی ئەنفالە، پێمان دەڵێت: ئێمە بەناو تونێلی سەختی خەباتدا تێپەڕیوین و لەنێو قوربانییەکاندا ژیان دەچنینەوە.

با ناحەزان بزانن؛ هەرێمی کوردستان چیایەکی سەرکەشە و بە پیلانی بچووکی ئەوان ناهەژێت. ئێستا کاتیەتی بە یەکڕیزی، دەستباری خێر بگرین بۆ چارەسەری کێشەکان.

پاشان، محەممەد حاجی قادر، دەرهێنەری بەڵگەفیلمەکە، وێڕای خستنەڕووی هەنگاو و قۆناغەکانی ئامادەکردنی بەڵگە فیلمەکە، سوپاسی د. سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک کرد کە هاوکار و هەماهەنگ بووە لە ڕێکخستنی ڕێوڕەسمەکە.

پاشان بەڵگەفیلمی “عەرعەر و سەگەکانی عەجاج” بۆ ئامادەبووان نمایش کرا، کە بووە جێی سەرنجی بینەران.

لە بڕگەیەکی دیکەی ڕێوڕەسمەکەدا، ڕێزلێنان و سوپاسنامەی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک پێشکەش بە فەزیلە محەمەد، سکاڵاکاری دەستگیرکردنی عەجاج و محەممەد حاجی قادر، دەرهێنەری بەڵگە فیلم و ئەیاد کاکەیی، پارێزەری کەیسی ئەنفال کرا.

لە کۆتایی ڕێوڕەسمەکەشدا، خاتوو فەزیلە

محەممەد سکاڵاکاری دەستگیرکردنی عەجاج، وتەیەکی پێشکەش کرد سوپاسی ئامادەبووانی ڕێوڕەسمەکەی کرد.

هەواڵی پەیوەندیدار

جووتیارانی پێنجوێن مانگرتنی گشتی رادەگەیێنن

یاسین

سەرۆکی حکومەت لەگەڵ ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی بەدر کۆبووەوە

سەڵاح

ماکۆلای کۆڵکین و نهێنییەکانی “Home Alone”

ART