ئەمڕۆ دووشەممە، ٣١ی ئابی ٢٠٢٦، لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا، هۆڵی سەفوەت جەراح لە ناو دیوانی بەڕێوەبەرایەتیی سینەما و شانۆی هەولێر کرایەوە.
رێوڕسمەکە بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، سیروان عوسمان، بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر، جەماوەرێکی بەرچاو لە هونەرمەندان، ڕۆشنبیران و خەمخۆرانی بواری کولتوور بەڕێوەچوو.
هونەرمەندی کۆچکردوو سەفوەت جەراح زیاتر لە نیو سەدە تەمەنی خۆی تەرخان کرد بۆ خزمەتکردنی بێپچڕانی بوارە جیاوازەکانی هونەری کوردی؛ لە شانۆ، سینەما، دراما، نووسین و بەڕێوەبردندا خاوەن پەنجەمۆر و ئەزموونێکی دەولەمەند بوو.
کردنەوەی ئەم هۆڵە لە دیوانی بەڕێوەبەرایەتیی سینەما و شانۆ، ئاوڕدانەوەیەکی وەفادارانە و ڕێزلێنانێکی شایستەیە لە پای ئەو مێژووە پڕ لە بەخشینەی کە پێشکەشی کولتوور و هونەری کوردی کردووە، تا ناوی وەک سیمبولێکی داھێنان بە نەمری بمێنێتەوە.

