بەڕێوەبەرایەتی چالاكی وێژەیی و سەنتەرەكانی هەولێر، بە هاوکاریی پارێزگاری هەولێر، ڕێوڕەسمێکی تایبەتی لەژێرناونیشانی (ئەمەک و شانازی) بۆ پێشكەشكردنی ڕێزلێنان و بەرزنرخاندنی بەرهەمەکانی فۆلکلۆرپەروەر و ڕۆژنامەنووس جەمال گەردەسۆری سازدا.
ڕێوڕەسمەکە ئێوارەی دووشەممە، لە هۆڵی سەفوەت جەراح لە بەرێوبەرایەتی سینەما و شانۆ، بە ئامادەبوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، و ئاگرین عەبدوڵڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و سیروان عوسمان، بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و ژمارەیەکی بەرچاو لە ڕۆشنبیران، نووسەران، ئەديبان و هونەرمەندان،
لە ڕێورەسمەكەدا، پارێزگاری هەولێر، تیشکی خستە سەر ڕۆڵ و پێگەی جەمال گەردەسۆری وەک ناوێکی دیاری ناوەندی ڕۆشنبیری لە پاراستنی فۆلکلۆری کوردی و خزمەتە بەردەوامەکانی لە بواری ڕۆژنامەگەریدا، هەروەها جەختی لەسەر پێویستی بەرزنرخاندن و کۆکردنەوەی بەرهەم و نووسینەکانی کرایەوە وەک سەرمایەیەکی نەتەوەیی و ڕۆشنبیری بۆ نەوەکانی داهاتوو.
لە كۆتایشدا، خەڵاتی تایبەتی وەفا و پێزانین پێشکەش بە گەردەسۆری کرا، وەک ڕێزێک بۆ تەمەنێک لە بەخشین و ماندووبوون لەپێناو کولتووری کوردیدا.
جەمال گردەسۆری تەمەنێکی درێژی لە پێناو خزمەتکردن بە ناسنامەی نەتەوەیی بەخشیوە، ئەو وەک یەکێک لە پارێزەرە دڵسۆزەکانی کولتووری کوردی دەناسرێت و ساڵانێکی زۆر کاری لەسەر کۆکردنەوە، تۆمارکردن و پاراستنی فۆلکلۆر، حەکایەت، مێژووی زارەکی و دابونەریتە ڕەسەنەکانی لادێ و ناوچە جیاجیاکانی کوردستان کردووە، لە ڕێگەی نووسین و وتارەکانییەوە لە ڕۆژنامە و گۆڤارە کوردییەکاندا، بەردەوام تیشکی خستووەتە سەر بابەتە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکان.

