ئەکتەری ئەمریکی، رۆبەرت دی نیرۆ، وردەکاریی دۆخێکی نائاسایی گێڕایەوە کە لە کاتی رێوڕەسمی هاوسەرگیریی خانمە ئەکتەر جێنیفەر لۆرنس تووشی بووە، کاتێک لۆرنس داوای لێکردووە پێش رێوڕەسمەکە جێبهێڵێت.
دی نیرۆ روونیکردەوە، لۆرنس پێیوابووە ئەو هەست بە بێزاری دەکات و کاتێکی خۆش لە نێو میوانەکاندا بەسەر نابات، ئەمەش بەهۆی شێوازی دەرکەوتنی رووخسارییەوە بووە کە وەک تووڕە و گرژ دەرکەوتووە.
ئەو ئەکتەرە ئەمریکییە ئاماژەی بەوەشدا، لە راستیدا ئەو بێزار نەبووە و کاتێکی تا رادەیەک خۆشی بەسەربردووە، سەرەڕای ئەوەی زۆربەی ئامادەبووانی ئاهەنگەکەی نەناسیوە و تەنیا خاوەنی ئاهەنگەکەی ناسیوە.
لە بەرامبەردا جێنیفەر لۆرنس لەبارەی هۆکاری ئەم داواکارییەوە رایگەیاند، تێبینی ئەوەی کردووە دی نیرۆ کەس ناناسێت و بە تەنیا لە شوێنەکەدا دەسووڕێتەوە، بۆیە نەیویستووە ناچار بێت تەنیا لەبەر رێزگرتن بمێنێتەوە.
لۆرنس ئاشکرایکرد، چووەتە لای و داوای لێکردووە بگەڕێتەوە ماڵەوە، رۆبەرت دی نیرۆش بە روحێکی خۆشەوە رووداوەکەی وەرگرتووە و بە دۆخێکی پێکەنیناوی ناوی بردووە.

