zagros news agency

ماڵئاوایی جەعفەر مینایی؛ کۆچی دوایی ئەستێرەیەکی موزیکی ڕەسەنی کوردی

وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا سەرەخۆشی و هاوخەمی خۆی بۆ کۆچی دوایی هونەرمەندی گەورە و ژەنیاری ناوداری ویۆڵۆن، جەعفەر مینایی دەربڕی.

جەعفەر مینایی کە یەکێک بوو لە کۆڵەکە گرنگەکانی موزیکی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لە تەمەنی 84 ساڵیدا لە شاری مەهاباد ماڵئاوایی لە ژیان کرد، دوای ئەوەی زیاتر لە نیو سەدە تەمەنی خۆی بۆ خزمەتکردن بە هونەری ڕەسەن تەرخان کرد.

جەعفەر مینایی لە ساڵی 1942 لە مەهاباد لەدایکبووە و خوێندنی موزیکی لە تەورێز تەواو کردووە. ئەو تەنیا ژەنیار نەبوو، بەڵکو مامۆستایەکی دڵسۆزیش بوو کە لە ساڵی 1995ـدا “فێرگەی موزیکی سەبا”ـی لە مەهاباد دامەزراند بۆ پێگەیاندنی نەوەی نوێ.

مینایی لە کاروانە هونەرییەکەیدا هاوکاری و بەشداریی لە بەرهەمەکانی هونەرمەندانی کورد کردووە، وەک حەسەن زیرەک، محەمەد ماملێ، عەزیز شارۆخ و چەندین کەڵە هونەرمەندی دیکە.

وەزارەتی ڕۆشنبیری ئاماژەی بەوە کرد، کار و بەرهەمەکانی مینایی بۆ هەمیشە وەک بەشێکی زیندوو لە کولتووری کوردی دەمێننەوە. کۆچی ئەم هونەرمەندە زیانێکی گەورەیە بۆ موزیکی کلاسیکی کوردی، بەڵام ئەو میراتە هونەرییەی لە دوای خۆی جێی هێشتووە، ڕێ نیشاندەری نەوەکانی داهاتووی موزیکژەنانی کوردستان دەبێت.

 

هەواڵی پەیوەندیدار

جۆرج کلۆنی: لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ لەبارەی منەوە گرنگ نین

ART

داهاتی (Weapons) گەیشتە زیاتر لە 264 ملیۆن دۆلار

ART

محەممەد ڕەمەزان لەنێوان گۆرانی نوێ و فیلمدا

ART