کورتەفیلمی “بەلەمە کاغەزییەکەم” لە دەرهێنانی هۆزان شێرزاد کە پڕۆژەیەکی بەشی سینەما و شانۆیی کۆلێژی هونەرەجوانەکانی زانکۆی سەڵاحەددینە، بووە براوەی خەڵاتی تایبەتی لیژنەی دادوەران لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی گەنجانی عێراق.
فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی گەنجانی عێراق، ڕووداوێکی هونەریی نێودەوڵەتییە و بۆ ماوەی سێ ڕۆژ لە شاری بەغداد بەڕێوەچوو، تیایدا زیاتر لە 18 وڵاتی جیاواز بەشدار بوون. لە کۆی نزیکەی 250 کورتەفیلم کە پێشکەشی فێستیڤاڵەکە کرابوون، تەنیا 42 کورتەفیلم بۆ بەشی پێشبڕکێ هەڵبژێردران.
ئەم بەرهەمە بە هەوڵ و بەشداریی کارای قوتابییان و مامۆستایانی بەشی سینەماو شانۆ بەرهەم هاتووە.
راگرایەتی کۆلێژی هونەرەجوانەکانی زانکۆی سەڵاحەددین پیرۆزبایی لە سەرجەم ستافی فیلمەکە کردووە و هیوای سەرکەوتنی بەردەوام بۆ کۆلێژی هونەرە جوانەکان خواستووە.

