شاری ئەڤینیۆنی فەرەنسی ئێستا خۆی بۆ گەورەترین رێوڕەسمی شانۆیی جیهان ئامادە دەکات کە یادی 80 ساڵەی دامەزراندنی فێستیڤاڵی ئەڤینیۆنە.
ئەم فێستیڤاڵە کە لە ساڵی 1947 لەلایەن ژان ڤیلار دامەزرا، تەنیا شوێنێک نییە بۆ نمایش، بەڵکو بووەتە تاقیگەیەکی جیهانی بۆ نوێکردنەوەی هونەری شانۆ.
تیاگۆ ڕۆدریگیز، بەڕێوەبەری فێستیڤاڵەکە، رایگەیاند، ئەمساڵ دروشمی سەرەکییان بەرگریکردنە لە مافی هونەر بۆ تاقیکردنەوە و گومانکردن. لەم خولەدا 47 نمایشی سەرەکی و زیاتر لە 300 چالاکیی جۆراوجۆر بەڕێوە دەچن، تێیدا هەزاران بینەر لە سەرتاسەری جیهانەوە بەشدار دەبن.
ئەمساڵ کۆریای باشوور وەک میوانی شانازی دیاریکراوە و چەندین نمایشی وەک “Cuckoo” و “Island Story” پێشکەش دەکرێن کە باس لە ئالنگارییەکانی کۆمەڵگەی هاوچەرخ و مێژووی ئەو وڵاتە دەکەن.
رێکخەرانی فێستیڤاڵەکە لەو بڕوایەدان، شانۆ دەبێت وەک ئاوێنەیەک بێت بۆ پیشاندانی کێشە قووڵەکانی مرۆڤایەتی.
رێوڕەسمی کۆتایی لە گۆڕەپانی کۆشکی پاپاکان بەڕێوە دەچێت، تێیدا هونەر و مێژوو تێکەڵ دەبن. ئەم فێستیڤاڵە بەردەوام دەبێت لە گەیاندنی پەیامی ئاشتی و پێکەوەژیان لە رێگەی نمایشە جیاوازەکانییەوە، و هەوڵ دەدات ورە بداتە هونەرمەندان بۆ ئەوەی رووخسارێکی جوانتری جیهان لە ڕێگەی تەختەی شانۆوە پیشان بدەن.

