لە شاری هەولێر، رێوڕەسمی دەستاودەستکردنی پۆستی بەڕێوەبەری سینەما و شانۆ بەڕێوەچوو و بە ئامادەبوونی سەلیم قادر، جێگری بەڕێوەبەری گشتی ڕۆشنبیری و هونەری هەولێر، هەروەها هونەرمەندان خەلیل یابە و بەکر مەعرووف، لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە هونەرمەندان و فەرمانبەرانی دیکەی ئەو بوارە سازکرا.
شاخەوان مستەفا، کە پێشتر تەنیا بەڕێوەبەری بەشی سینەما بوو، ئەرکی نوێی پێ سپێردرا و بەرپرسیارەتییەکەی گرتە ئەستۆ.
لە رێوڕەسمەکەدا، شاخەوان مستەفا سوپاسی قووڵی خۆی بۆ هیوا سوعاد دەربڕی، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، ئەو هونەرمەندە دوای ساڵانێکی زۆر لە خزمەتکردن وەک بەڕێوەبەری شانۆی هەولێر، بە ئەمانەتەوە ئەرکەکەی رادەست کردووە و رێگەی بۆ خوێنی نوێ خۆش کردووە.
بەڕێوەبەری نوێ جەختی لەوە کردەوە، بەردەوام کار دەکەن بۆ ئەوەی هونەری سینەما و شانۆ لە پایتەخت بەرەو قۆناغێکی دیکە ببەن و رووخسارێکی گەشتری پێ ببەخشن.
هیوا سوعاد هیوای سەرکەوتنی بۆ بەڕێوەبەری نوێ خواست و تیشکی خستە سەر ئەو کارانەی کە لە ماوەی رابردوودا ئەنجام دراون.
شاخەوان مستەفا بەڵێنی دا، بە وردی چاودێری هەموو وردەکارییەکان بکات تاوەکو خزمەتی زیاتری هونەری ڕەسەن لە هەولێری پایتەخت بکرێت و پێگەی شانۆ و سینەما لە ناوچەکەدا بەرز ڕابگیرێت.

