وەزارەتی دارایی رایگەیاند ، داهاتی حەوت ساڵی وەزارەتەکان جگە لە باج و گومرگ نزیکەی ١٤ ترلیۆن دینار بووە.
لە درێژەی بڵاوکردنەوەی ناوەڕۆکی پەرتووکی کار و چالاکی و چاکسازییەکانی وەزارەتی دارایی و ئابووری لە ساڵی ( ٢٠١٩ تا ٢٠٢٥ )، تێکڕای خەرجییەکانی حکومەت لەو حەوت ساڵەدا زیاتر لە ( ٨٧ ) ترلیۆن دینار بووە و تێکڕای داهاتەکانیش زیاتر لە ( ٥١ ) ترلیۆن دینار بووە، جگە لە تەمویلی هاتوو بۆ مووچە لە بەغداوە.
شایەنی باسە داهاتی نانەوتی لە فەرمانگە و وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان جێگیر نییە و مانگانە کۆکردنەوەی داهات گۆڕانکاریی بەسەردادێت.
بەو پێیەی هەندێکیان لە ڕێگەی ئاڵوگۆڕی پارە (المقاصة) نێوان وەزارەتەکانی دیکە و وەزارەتی دارایی و ئابووری دەکرێن.
هەروەها گواستنەوەکان بەشێوەی چەک تەمویل دەکرێن نەک بە پارەی کاش.
ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە ١٥ بۆ ٢٠٪ی کۆی داهاتی نانەوتی وەزارەتەکان کاش نییە و نابێتە کۆتا نەختینە لەبانکەکاندا، بەڵکو لە ڕێگەی مامەڵەی ئاڵوگۆڕکردنەوە دەگوازرێتەوە.
سەڕەرای دواکەوتنی پێدانی ڕسوماتی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان وەک داهاتەکانی پارەی ئاو و کارەبا و هاتووچۆ و شارەوانییەکان.
بۆیە هیچ بڕە پارەیەکی جێگیری مانگانە نییە کە بتوانێت ببێتە پێوەرێک بۆ داهاتی مانگانەی نانەوتی لە وەزارەت و فەرمانگەکانی حکومەتی هەرێم، کە کۆدەکرێنەوە و دەگوازرێتەوە بۆ سەر هەژماریی وەزارەتی دارایی و ئابووریی.
دەرئەنجامی کۆی گشتیی خەرجییە کردارییەکان و کۆی گشتیی داهاتە نەوتی و نانەوتییەکان لە ماوەی ساڵانی ٢٠١٩ تا کۆتایی ٢٠٢٥
یەکەم: کۆی گشتی خەرجییە کردارییەکان ٨٧.٥ ترلیۆن دینارە.
٧٤ مووچە کۆی خەرجی ٦٥.٣ ترلیۆن دینار بەڕێژەی ٧٥٪ لە کۆی گشتی خەرجییە کردارییەکان.
• خەرجیەکانی بەکارخستن بۆ کاروباری ڕۆژانەی حکومەت ١٤.٢ ترلیۆن دینار بەڕێژەی ١٦٪.
• خەرجیەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا ٤ ترلیۆن دینار بەڕێژەی ٤.٦٪ .
• خەرجیەکانی وەبەرهێنان ٣.٨ ترلیۆن دینار بە ڕێژەی ٤.٤٪ .
دووەم: کۆی گشتی داهاتی ناوخۆ (نەوتی و نانەوتی) دەکاتە ٥١،٣ ترلیۆن دینار.
• داهاتی نەوتی لە ساڵی ٢٠١٩ تا مانگی ٣ ی ٢٠٢٣ ، دەکاتە ٢٢.٥ ترلیۆن دینار بە ڕێژەی ٤٤٪ لە کۆی داهات.
• داهاتی گومرگ و دەروازەکان، ٩.٥ ترلیۆن دینار بە ڕێژەی ١٨.٥٪ لەکۆی داهات.
• داهاتی باج و خانووبەرەی میریی، ٥.٤ ترلیۆن دینار بە ڕێژەی ١٠.٥٪ لەکۆی داهات.
• داهاتەکانی تر، ١٣.٨ ترلیۆن دینار بەرێژەی ٢٧٪ لەکۆی داهات.
تێبینی؛ بەهۆی ئەو بارودۆخە نەخوازراوانەی چەند مانگی ڕابردوو عێراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکەی پێدا تێپەڕبوو، داهاتی نانەوتی هەرێم لە شەش مانگی سەرەتای ٢٠٢٦ ، بەڕێژەیەکی بەرچاو دابەزینی بەخۆیەوە بینیووە کە پێشتر بەخشتەیەک بڵاومان کردووەتەوە.

