لە جیهانێکی پڕ لە گۆڕانکاریی ئابوورییدا، هەرێمی کوردستان بۆ بەهێزکردنی ژێرخان و دۆزینەوەی بازاڕی نوێ، پێویستی بە کردنەوەی دەرگای نوێ و بنیاتنانی پردی پەیوەندییە لەگەڵ وڵاتانی خاوەن ئەزموون. سەردانی ئەم دواییەی شاندی باڵای بازرگانیی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی یەکێتیی ژوورە بازرگانییەکان کە پێکهاتبوو لە ١٨٠ بازرگان لە هەرچوار پارێزگای هەرێمی کوردستان بۆ کۆماری ئۆزبەکستان. ئەمە تەنها سەردانێکی پروتۆکۆڵی نەبوو، بەڵکو دەستپێکی قۆناغێکی نوێی “دیپلۆماسیی
ئابووری” بوو.
ڕشید هەرکی، ئەندامی ژووری بازرگای و پیشەسازی هەولێر: بە ئاژانسی هەوالی زاگرۆسی راگەیاند: ئێمە وەک شاندی هەرێمی کوردستان، لە تاشکەند و شارە پیشەسازییەکان، لە نزیکەوە ئاشنای پێشکەوتنە خێراکانی ئۆزبەکستان بووین لە کەرتەکانی پیشەسازی، کشتوکاڵی مۆدێرن، و وزە. بینینی کۆمپلێکسە پیشەسازییە گەورەکانی وەک (TEXNOPARK) و (IMZO)، پیشاندەری ئەوەیە کە ئۆزبەکستان لە ڕێگەی تەکنەلۆژیای پێشکەوتووەوە چۆن توانیویەتی بەرهەمەکانی بگەیەنێتە ئاستی رکابەریی جیهانی.
هەرکی گوتی: خاڵی جەوهەریی ئەم سەردانە، تەنها ئاڵوگۆڕی سەردان نەبوو، بەڵکو گەیشتن بوو بە لێکتێگەیشتن و گرێبەستی پراکتیکی. واژووکردنی یاداشتی لێکتێگەیشتن لە نێوان ژووری بازرگانیی هەولێر و تاشکەند، بە ئامانجی گەیاندنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی بۆ 130 ملیۆن دۆلار لە ماوەی سێ ساڵدا، بەڵگەی ئەو متمانە زۆرەیە کە لە نێوان کەرتی تایبەتی هەردوولا دروست بووە.
وەک بەشێک لەم شاندە، ئەوەی جێگەی دڵخۆشییە، ئامادەییی تەواوی حکومەتی ئۆزبەکستان و کەرتی تایبەتی ئەو وڵاتەیە بۆ هاوکاریکردنی کۆمپانیاکانی کوردستان. ئێمە لە هەرێم خاوەنی یاسای وەبەرهێنانی لەبارین، بەڵام پێویستمان بە ئاڵوگۆڕی ئەزموون هەیە لە بوارەکانی بەڕێوەبردنی لۆجیستی، پیشەسازیی خۆراک و بەکارهێنانی تەکنەلۆژیای نوێی ئاودێری، کە ئۆزبەکستان تێیدا پێشکەوتنی گەورەی بەدەستهێناوە.
لەم سەردانەدا، جەختمان لەسەر “ئاسانکاری” کردەوە؛ بێ گومان ئاسانکاریی ڤیزە، هێڵی ئاسمانیی راستەوخۆ، و کەمکردنەوەی ڕۆتیناتی گومرگی، ئەو سێ کۆڵەکەیەن کە دەبنە هۆی ئەوەی بازرگانانی ئێمە و ئۆزبەکستان بە ئاسانی گرێبەستەکان جێبەجێ بکەن.
هەروەها ڕەشید هەرکی، ئەندامی ژووری بازرگانی و پیشەسازی هەولێر، ئەوەشی بۆ ئاژانسی هەوالی زاگرۆس خستەروو گووتی سەردانەکەمان بۆ سەنتەری شارستانییەتی ئیسلامی، ئەوەی بۆ سەلماندین کە پەیوەندیی ئێمە و ئۆزبەکستان تەنها ئابووری نییە، بەڵکو مێژوویەکی هاوبەشی کەلتووری و شارستانیی گەورەمان هەیە، کە ئەمەش بنەمایەکی بەهێزە بۆ ئەوەی پەیوەندییە بازرگانییەکانیشمان لەسەر بناغەیەکی متمانەپێکراو بنیات بنێین.
لە کۆتاییدا، ئەم سەردانە هەنگاوێکی ئەرێنی بوو، بەڵام ئەوەی گرنگترە، بەدواداچوونی ورد و پابەندبوونە بەو بەڵێنانەی کە لە کۆڕبەندی ئابووریی هاوبەشدا دران. ئێمە لە ژووری بازرگانیی هەولێر، بەردەوام دەبین لە کارکردن بۆ ئەوەی دەرەنجامی ئەم سەردانە ببێتە هۆی بووژانەوەی کەرتی تایبەت و ڕەخساندنی هەلی کاری نوێ بۆ گەنجان و وەبەرهێنەرانی هەرێمی کوردستان.
دڵشاد یونس هەرکی

