نرخی دۆلار لە بازاڕی ئازادی ئێراندا ژمارەیەکی پێوانەیی دیکەی تۆمار کرد و بۆ یەکەمجار لە سنووری ٢٨٠ هەزار تمەن تێپەڕی؛ ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ بەردەوامیی دابەزینی بەهای دراوی ئێران لە سێ مانگی ڕابردوودا لە سایەی زیادبوونی گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن و سەپاندنی سزای نوێی ئەمریکا کە ناوەندی ئاڵوگۆڕی زێڕ و دراوی ئێرانی کردە ئامانج و کاردانەوەی فەرمیی ئەو وڵاتەی لێ کەوتەوە.
نرخی دۆلار لە بازاڕی ئازادی ئێراندا ئەمڕۆ ڕیکۆردێکی دیکەی شکاند و بۆ یەکەمجار لە ٢٨٠ هەزار تمەن تێپەڕی، لە کاتێکدا بەهای دراوی ئێران لە ماوەی سێ مانگی ڕابردوودا هاوکات لەگەڵ پەرەسەندنی گرژییەکانی نێوان تاران و واشنتن و بەردەوامیی گوشارە ئابوورییەکانی ئەمریکادا ڕووی لە دابەزین کردووە.
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا لە کاتی ڕاگەیاندنی سزا نوێیەکاندا، ئابووریی ئێرانی بە «لە حاڵەتی نقوومبووندا» وەسف کرد، هاوکات وەزیری دەرەوەی قەتەر دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوتا ئەمریکییەکەیدا ڕایگەیاند کە بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ نێوەندگیری.
ئێران سزا نوێیەکەی ئەمریکای سەرکۆنە کرد و عەبدولناسر هیمەتی، پارێزگاری بانکی ناوەندیی ئێران ڕایگەیاند کە دیارە هیچ تیرێک لە کەوانەی سزادەراندا نەماوە کە کارەکەیان گەیشتووەتە سزادانی ناوەندی ئاڵوگۆڕی دراو و زێڕی ئێران کە تەنها پلاتفۆرمێکی تۆمارکردنی مامەڵەکانە و ئاماژەی بەوە دا کە ناوەندەکە لەبەرچاوی هەموواندایە، بیناکەی ناونیشانی هەیە، ناوی لەسەر تابلۆی سەردەرەکەیەتی و وێبسایتەکەشی بۆ هەمووان بەردەستە، بۆیە ئەگەر ئێرەش بە بانکی سێبەر ببینن ئەوا تووشی وەهمی هەتاو و سێبەر بوون.
نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەرمایە بیانییەکان (ئۆفاک) کە سەر بە وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکایە، دوێنێ هەشت کەس و ٢٢ دامەزراوەی پەیوەندیدار بە تۆڕی «بانکداریی سێبەری ئێران»ی بۆ لیستی سزاکانی زیاد کرد کە ناوەندی ئاڵوگۆڕی زێڕ و دراویش لە نێویاندا بوو.

