کافایین کە بەربڵاوترین ماددەی کاریگەرە لەسەر مێشک لە جیهاندا و ڕۆژانە زیاتر لە دوو ملیار کوپ قاوەی دەخورێتەوە، بە شێوازی جیاواز کار لە جەستەی مرۆڤەکان دەکات؛ ئەم جیاوازییەش دەگەڕێتەوە بۆ بۆماوەیی، خێرایی شیکردنەوەی ماددەکە لە جگەردا، ئاستی بەرگەگرتنی جەستە، هەروەها کاریگەریی دەرمان و شێوازی ژیان.
کافایین لە ڕێگەی ڕاگرتنی کاریگەریی «ئەدینۆزین» کار دەکات، کە ماددەیەکی کیمیایییە بە درێژایی ڕۆژ لە مێشکدا کۆ دەبێتەوە و دەبێتە هۆی هەستکردن بە خەواڵوویی؛ بۆیە کافایین وزەی زیادە بە جەستە نادات، بەڵکو تەنها هەستی ماندوێتی دەشارێتەوە و دەبێتە هۆی بەئاگابوون و باشترکردنی تەرکیز، هاوکات زیادەڕەوی لە خواردنەوەیدا سەرئێشە، لەرزینی لەش، دڵەكوتێ و کەمخەویی لێ دەکەوێتەوە.
دکتۆر ماریلین کۆرنێلیس، پرۆفیسۆری یاریدەدەری خۆراک لە زانکۆی نۆرسوێستێرن لە شیکاگۆ، ڕوونی کردەوە کە پڕۆسەی پاککردنەوە و شیکردنەوەی کافایین لە جگەردا بەپێی تایبەتمەندیی هەر کەسێک لە نێوان ٦ بۆ ٢٠ کاتژمێر دەخایەنێت و خێراییەکەی بە پلەی یەکەم بەندە بە جینێکی تایبەت بە ناوی (CYP1A2) و تا ڕادەیەکیش بە ڕەچەڵەکەوە، کە توێژینەوەیەکی ئەمساڵ دەریخستووە ئەورووپییەکان و خەڵکی ئەمریکای باشوور تێکڕا خێراتر کافایین شی دەکەنەوە.
جگە لە بۆماوەیی، جگەرەکێشان جگەر هان دەدات بۆ شیکردنەوەی کافایین بە خێرایی ٦٥٪ زیاتر، هەر بۆیە جگەرەکێشەکان قاوەی زیاتر دەخۆنەوە و دوای وازهێنان لە جگەرە هەست دەکەن قاوەکەیان زۆر بەهێزتر بووە؛ لە بەرامبەردا هەندێک دژەبەکتریا، حەبی ڕێگری لە دووگیانی و گۆڕانکارییە هۆرمۆنییەکانی کاتی دووگیانی دەبنە هۆی مانەوەی کافایین بۆ ماوەیەکی درێژتر لە جەستەدا.
هۆکارێکی دیکه «بەرگەگرتنی جەستە»یە، کە تێیدا ئەو کەسانەی بە بەردەوامی قاوە دەخۆنەوە هەستیارییان بەرامبەر کافایین کەم دەبێتەوە، بەڵام ئەگەر بۆ چەند هەفتەیەک وازی لێ بهێنن، یەکەم کوپ قاوە دوای ئەو ماوەیە دەبێتە هۆی چالاکیی لەڕادەبەدەر یان نائارامی و لەرزین.
توێژەرانی خەو پێشنیار دەکەن لانیکەم شەش کاتژمێر پێش خەوتن خۆتان لە کافایین بەدوور بگرن.
دەستەی خزمەتگوزاریی تەندروستیی گشتیی بەریتانیا ڕێنمایی خانمانی دووگیان دەکات کە بەکارهێنانی کافایین بۆ کەمتر لە ٢٠٠ میلیگرام لە ڕۆژێکدا کەم بکەنەوە، و پیتەر ڕۆجەرز، پرۆفیسۆری خانەنشینی خۆراک لە زانکۆی بریستۆڵ، جەخت لە میانڕەوی دەکاتەوە و ئاماژە بەوە دەکات کە ژەهراویبوونی توند بە کافایین زۆر دەگمەنە و تەنها لە ڕێگەی بەرهەمە چڕەکانەوە ڕوودەدات، هاوکات توێژینەوەکان دەریانخستووە کە خواردنەوەی قاوە بە شێوەیەکی مامناوەند پەیوەندیی بە کەمبوونەوەی مەترسیی چەندین نەخۆشیی گرنگ و تەمەندرێژییەوە هەیە.

