دۆسیەی وزەی ئەوروپا چووەتە قۆناخێکی هەستیار، ئەمەش دوای ئەوە دێت کۆگاکانی گازی یەکێتیی ئەوروپا بۆ نزیکەی 65%ـی توانای گلدانەوەیان دابەزیون. ئەم ئاستە نزمترین رێژەی تۆمارکراوە بۆ ئەم وەرزەی ساڵ لە 15 ساڵی رابردوودا، ئەوەش وایکردووە ئەوروپا لەگەڵ نزیکبوونەوەی وەرزی زستاندا بەراورد بە ساڵانی پێشوو، مەودایەکی کەمتر بۆ دڵنیایی وزەی هەبێت.
دابەزینی ئاستی کۆگاکان پەیوەستە بە پەککەوتنی گەیاندنی گازی سروشتیی شلەی جیهانی، ئەوەش بەهۆی بەردەوامیی ململانێکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پەککەوتنی بەشێکی گرنگی بارە نەوتییەکانی قەتەر لە گەرووی هورمز. ئەم دۆخە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر بازاڕەکانی ئەوروپا هەبووە و لە دوو مانگی رابردوودا رێژەی سوودی گاز بە نزیکەی 75% بەرزبووەتەوە، هاوکات گرێبەستەکانی گازی هۆڵەندی گەیشتوونەتە بەرزترین ئاستی خۆیان لە نزیکەی سێ ساڵ و نیوی رابردوودا.
داتاکان جیاوازییەکی بەرچاو لەنێوان وڵاتانی ئەندام دەردەخەن، بەشێوەیەک ئەڵمانیا و هۆڵەندا رووبەڕووی کەمبوونی ئاستی کۆگاکان بوونەتەوە بەراورد بەو پلانەی بۆیان دانرابوو، لە بەرامبەردا فەڕەنسا، ئیتاڵیا و ئیسپانیا لە دۆخێکی باشتردان. ئەم پرسە بۆ گشت وڵاتانی یەکێتییەکە، لەنێویاندا بەلجیکا گرنگە، چونکە بازاڕی گازی ئەوروپا بەیەکەوە گرێدراوە و هەر کەمییەک یان بەرزبوونەوەیەکی خێرای نرخ لە ئابوورییە گەورەکاندا، کاریگەرییەکەی بەسەر وڵاتانی دیکەشدا دەبێت.
سەرەڕای نیشاندەرە نیگەرانکەرەکان، کۆمیسیۆنی ئەوروپا رایگەیاند، دۆخەکە ئێستا پێویستی بە رێکاری فریاگوزاریی زیاتر نییە. گرووپی هەماهەنگیی گاز بە وڵاتانی ئەندامی راگەیاند، گەیشتنی کۆگاکان بە نزیکەی 80% بەس دەبێت بۆ پڕکردنەوەی پێداویستییەکانی زستان. گرووپەکە روونیکردەوە، بەراورد بە قۆناغی پێش قەیرانی وزە، بەکارهێنانی گازی ئەوروپا کەمیکردووە و تواناکانی هاوردەکردنی گازی شلەش زیادی کردووە، هەروەها گرووپەکە لە مانگی ئەیلوولدا دۆخەکە هەڵدەسەنگێنێتەوە.
بەردەوامیی قەیرانی گەرووی هورمز بۆ ماوەیەکی درێژتر، دۆسیەکە لە کێشەیەکی نرخەوە بۆ تاقیکردنەوەیەکی راستەقینەی ئاسایشی وزەی ئەوروپا لە زستانی 2026–2027 دەگۆڕێت، بەتایبەت ئەگەر پلەکانی گەرما لەوە ساردتر بن کە پێشبینی دەکرێت.

