zagros news agency

توێژینەوەیەکی نوێ؛ نیشانەکانی مەترسیی جەڵتەی دڵ و مێشک چەند دەیەیەک زووتر دەردەکەون

 

توێژینەوەیەکی نوێ دەریخستووە کە نیشانە هۆشداردەرەکانی ئەگەری تووشبوون بە جەڵتەی دڵ یان جەڵتەی مێشک لە کەسێکدا، ڕەنگە تا ٣٠ ساڵ پێش ڕوودانیان دەربکەون، ئەمەش دەرفەتێک بۆ خەڵک دەڕەخسێنێت تا شێوازی ژیانیان بگۆڕن و زووتر بچنە سەر ڕێڕەوی چارەسەرکردن.

 

نەخۆشییەکانی دڵ و دەمار گرنگترین هۆکاری مردنن لە جیهاندا و مەزەندە دەکرێت لە ساڵی ٢٠٢٢ی زایینیدا نزیکەی ١٩.٨ ملیۆن کەس بەهۆی جەڵتەی دڵ، جەڵتەی مێشک یان کێشەکانی تری دڵەوە گیانیان لەدەست دابێت.

 

توێژەرانی زانکۆی ئەدینبەرە دۆخی تەندروستیی نزیکەی ١١٤ هەزار کەسیان لە دەیەی ١٩٨٠ەوە بۆ ماوەی سێ دەیە چاودێری کردووە کە لە سەرەتادا هیچ کامێکیان نەخۆشیی دڵیان نەبووە، بەڵام لە کۆتاییدا نزیکەی ١٧ هەزار کەس تووشی جەڵتەی دڵ یان مێشک بوون یان بەهۆی کێشەی دڵەوە گیانیان لەدەست داوە.

 

بەپێی ئەم توێژینەوەیە کە لە گۆڤاری «جاما نێتۆرک ئۆپن (JAMA Network Open)» بڵاو کراوەتەوە، لە نێو ئەوانەی دواتر تووشی کێشەکانی دڵ بوون، نیشانە هۆشداردەرەکان زۆر جار چەند دەیەیەک زووتر دەرکەوتوون، لەوانە بەرزبوونی بەردەوامی پەستانی خوێنی سیستۆلی و گۆڕانکارییەکانی (NT-proBNP) لە خوێندا کە لە ١٠ ساڵ پێش دەرکەوتنی کێشەکەوە دیار بووە، هاوکات لەگەڵ کارکردنی گورچیلە، ئاستی چالاکیی جەستەیی، شەکرە و پێوانەی بارستایی لەش (BMI).

 

برایان ویلیامز، بەڕێوەبەری زانستی و پزیشکیی دامەزراوەی دڵی بەریتانیا کە تێچووی توێژینەوەکەی دابین کردووە، ڕایگەیاندووە کە زۆرینەی جەڵتەکانی دڵ و مێشک بە تەواوی دەکرێت خۆیان لێ بپارێزرێت لە ڕێگەی گۆڕینی شێوازی ژیان و ژینگەوە وەک ڕژێمی خۆراکیی ناتەندروست، جگەرەکێشان و پیسبوونی هەوا، هەروەها بەکارهێنانی ئامرازە سادەکانی وەک پێوانەکردنی پەستانی خوێن یان پشکنینی خوێن یارمەتیی پزیشکان دەدات لە دەستنیشانکردنی ئەو کەسانەی لە مەترسیدان لە کاتێکدا هێشتا ڕێژەیەک گەنجن، لە کاتێکدا جەختی کردەوە کە توێژینەوەکە هۆکارەکانی مەترسی لەسەر بنەمای نەتەوە شیکار نەکردووە و پێویستی بە لێکۆڵینەوەی زیاتر هەیە.

هەواڵی پەیوەندیدار

سەنتەری ئاوات، ڕۆژانە نزیکەی ٢٠٠ تووشبووی شێرپەنجە چارەسەری تیشکی وەردەگرن

سەڵاح

ئاژانسی هەواڵی زاگرۆس نوێدەكرێتەوە و بە ڤێرژنێكی پێشكەوتوو وەشانی دەست پێدەكات 3

hakar herki

ماددە تامبەخشەکانی جگەرەی ئەلیکترۆنی زیان بە جومگەکان دەگەیەنن

سەڵاح